ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا داوا لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دەكات ،تەواوی ئەو سزایانەی بەسەر دیمەشقدا سەپێنراون لاببات .
ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) بڵاویكردەوە، شەرع پەسیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە و ، باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەكانی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كە جێی بایەخی هاوبەشن كردووە.
هەروەها ئەحمەد شەرع تەئكیدی لە گرنگی بەردەوامبونی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەكان بۆ سوریا كردووەتەوە لە قۆناغی بونیادنانەوە و چاكبونەوەدا، شەرع بە ترەمپیشی وتووە، لابردنی تەواوی سزاكان هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ تواناداركردنی ئابووری سوریا بەمەبەستی گەڕاندنەوەی چالاكییەكانی و باشتركردنی بارودۆخی بژێوی هاووڵاتیان.
هاوكات راشیگەیاندووە، كۆتاییهێنان بە سزاكان دەبێتە هۆی هاندانی وەبەرهێنان و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پڕۆژە ئابووری و گەشەپێدانەكان بۆ كەرتە جیاوازە هەستیارەكان، بە شێوەیەك كە بەشدار بێت لە بەهێزكردنی هەوڵەكانی گەشەپێدان و سەقامگیری.لایخۆیەوە ترەمپ ئارەزووی خۆی بۆ بەدواداچونی پەرەسەندنەكانی سوریا و ناوچەكە دەربڕی و تەئكیدیشی ،لە گرنگی پاراستنی سەقامگیری و پشتگیریكردنی هەوڵەكانی چاكبونەوە و بونیادنانەوە لە سوریا كردەوە.
پەیوەندیەكە هاوكاتە لەگەڵ دیاریكردنەوەی تۆم باراك، وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ سوریا و عیراق، كە ترەمپ پێیوایە لە ماوەی ساڵی ڕابردودا كاری ناوازەی ئەنجامداوە و هاوكارییە ستراتیژییەكان لەگەڵ حكومەتەكانی سوریا و عیراق بەرەو پێش دەبات.