دوای دەرچوونی مەرسوومی كۆماری، قەحتان وەنداوی لەبەردەم سەرۆكی دادگای كەركوك سوێندی یاسایی خوارد و وەك پارێزگاری نوێ بە رەسمی دەستبەكاربوو.
ئەمڕۆ یەكشەممە، قەحتان وەنداوی دوای وەرگرتنی مەرسوومی كۆماری، بەپێی مادەی 29 لە یاسای هەمواركراوی پارێزگاكانی ناوچە دابڕێندراوەكان، ژمارە 21ـی ساڵی 2008، لەبەردەم دادوەر قاسم محەممەد سلێمان عەزاوی، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك، رێكارە یاساییەكانی تەواوكرد و سوێندی یاسایی خوارد، بەوەش بە شێوەیەكی رەسمی ئەركی پارێزگاری كەركوكی وەرگرت.
رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە دانیشتنێكی نائاساییدا و بە دەنگی 14 ئەندام لە كۆی 15 ئەندامی ئامادەبوو، قەحتان وەنداوی، كاندیدی بەرەی توركمانی، وەك پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركووكدا بۆ دەستاودەستكردنی پۆستەكان كراوە، مانەوەی قەحتان وەنداوی لە پۆستی پارێزگاردا تەنیا بۆ ماوەی مانگێك و 15 رۆژ دەبێت.
بەپێی رێككەوتنەكە، بڕیارە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێدا، گۆڕانكاریی بەرفراوان لە زۆربەی پۆستە باڵا و كارگێڕییەكانی پارێزگاكەدا بكرێت،عەرەب پۆستی پارێزگار و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت، توركمان جێگرێكی پارێزگار و قایمقامی ناوەندی وەردەگرێتەوە، كوردیش پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و فەرماندەی پۆلیس وەردەگرێت.