لە پشت دیمەنە ئارامەكانی باكووری كیشوەری ئەمریكا، گێژە ڵووكەیەكی سیاسی و ئابووری نوێ لە نێوان واشنتۆن و ئۆتاوا سەرهەڵدەداتەوە.
جارێكی تر، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، بە نووسینی تەنها وشە و ژمارەیەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ"، بوومەلەرزەیەكی سیاسی هێنایەوە ئارا.
ترەمپ لە پەڕەی خۆی ترووس سۆشیال نووسیویەتی، "ولایەتی 51" ئەم پۆستە كورتەی ترەمپ تەنها ئەو وشە و ژمارەیە نەبوو، بەڵكو بابەتێكی ئاژانسی "بلومبێرگ"ی لەگەڵدا هاوپێچ كرابوو، كە باس لە پاشەكشەیەكی قورسی ئابووری كەنەدا دەكات. بابەتەكە دەریدەخات، كەنەدا رووبەڕووی یەكەم دابەزینی راستەقینەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بووەتەوە لە دوای پەتای كۆرۆنای ساڵی 2020. دەوترێت، ترەمپ ئەم دەرفەتە ئابوورییە بەكاردەهێنێت بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو تێڕوانینەی كە دەڵێت، كەنەدا بە تەواوی پشت بە واشنتۆن دەبەستێت و كاتی هاتووە ببێتە بەشێك لە ئەمریكا.
ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە هاوسێیە شتێكی نوێ نییە. لە پشت دەرگا داخراوەكاندا، ململانێكان قووڵترن. تەنانەت لە میانی گفتوگۆكانی رووبەڕووی نێوان هەردوو سەركردە لە 6ی ئایاری 2025، كاتێك باسی ئەم بابەتە كرا، ترەمپ بە سەركردایەتی كەنەدای وت، هەرگیز نەڵێن ئەوە روونادات. بەڵام وەڵامی كەنەدییەكان توند و روون بوو. مارك كارنی، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا، راستەوخۆ و بێ پێچوپەنا وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە ئەمریكا. كارنی بە تەئكید كردنەوە، لەبارەی سەروەری وڵاتەكەی، لە وەڵامێكی مێژووییدا وتی، كەنەدا بۆ فرۆشتن نییە.
ئەم هێرشە راگەیاندنە نوێیەی ترەمپ، نیشانەی گوشارێكی ئابووری گەورەیە بۆ سەر كەنەدا، لە كاتێكدا كەنەدییەكان سوورن لەسەر پاراستنی ناسنامە و سەربەخۆیی خۆیان، تەنانەت ئەگەر لەژێر قورسترین قەیرانی ئابووریشدا بن.