باڵیۆزی ئێران لە پاكستان دەڵێت، ئەمشەو وەفدەكەی وڵاتەكەی دەگاتە ئیسلام ئاباد بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە دەكات، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت جارێكی تر هێرش دەكەنەوەسەری.
رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاكستان لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: سەرەڕای گومانی رای گشتیی ئێران بەهۆی پێشێلكارییە دووبارەكانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل بۆ تێكدانی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكەی شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان، ئەمشەو وەفدی ئێران دەگاتە ئیسلام ئاباد لەسەر بنەمای ئەو 10 خاڵەی ئێران پێشنیازی كردووە.
وتەكانی موقەدەم لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاندووە: سەرجەم كەشتی و فڕۆكە و سەربازییەكانی ئەمریكا لەگەڵ تەقەمەنی و چەك و هەموو شتێكی گونجاو و پێویست، لە نزیك ئێران بە جێگیری دەمێننەوە، تا پابەندبوونی تەواوی بەو رێككەوتنە راستەقینەیە.
وتیشی: رێككەوتنەكە لە مێژەوە مەرجێكی بۆ دانراوە، سەرەڕای پروپاگەندەو چەواشەكارییەكان، ئێران خاوەنی چەكی ئەتۆمی نابێت و گەرووی هورمز بە كراوەیی و پارێزراوی دەمێنێتەوە.
شەوی سێشەممە، لەكاتێكدا مۆڵەتەكەی ترەمپ بەرەو تەواوبوون دەچوو كە بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران داینابوو، ئاگربەستی دوو هەفتەیی لەنێوان ئێران و ئەمریكا ڕاگەیەندرا، كە بە دەستپێشخەری پاكستان بوو، هەرچەندە رێككەوتنەكە لە رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئێران و ئیسرائیل یەكتر بە پێشێلكردنی تۆمەتبار دەكەن، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە كە رێككەوتنەكە لوبنان ناگرێتەوە، لەكاتێكدا بەپێی خاڵەكانی رێككەوتنەكەو بەوتەی سەرۆكوەزیرانی پاكستانیش رێككەوتنەكە لوبنان دەگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆسەر لوبنان و دەڵێت ئەوێ بەرەیەكی جیایە.
ئێستا جیهان چاوی لەسەر ئیسلام ئابادە بۆ ئەوەی ئاوێك بە ئاگری ئەو جەنگەدا بكات كە 39 رۆژی خایاند و لە 28 ی شوباتی ئەمساڵ لەنێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران سەریهەڵدا، رۆژی هەشتی نیسان بە ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی ڕاگیرا.