دەستەی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، لە تشرینی یەكەمی 2023 تا كۆتایی ساڵی 2025 زیاتر لە 38 هەزار ژن و كچ لە غەززە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكانی ئیسرائیل كوژراون.
واتە بە تێكڕا رۆژانە لانیكەم 47 ژن و كچ بونەتە قوربانی، لەنێویاندا زیاتر لە 22 هەزار ژن و 16 هەزار كچ هەن، هاوكات هۆشداریشیداوە لەوەی كە رەنگە ژمارە راستەقینەكان زیاتر بن بەهۆی گیرخواردنی لاشەی بەشێك لە كوژراوان لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە و سەختی بەڵگەنامەكردن.
لای خۆشیەوە سۆفیا كاڵتروپ وتەبێژی دەستەی ژنانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕوونیكردەوە، رێژەی مردن لە نێو ژنان و كچان لەو رێژەیە زیاترە كە لە خولەكانی پێشووی شەڕەكاندا لە غەززە تۆماركراون، ئاماژەی بەوەشكرد، رزگاربووان رۆژانە رووبەڕووی مەترسیی توند دەبنەوە لەوانە برسێتی، دووبارە ئاوارەبوون، و سنوورداركردنی توند بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ژمارەی گیانلەدەستدان تا 3ی تشرینی یەكەمی 2025 گەیشتۆتە نزیكەی 67 هەزار كەسو زیاتر لە 169 هەزار بریندار. لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكات كە زیاتر لە 38 هەزار لەو كوژراوانە تەنیا لە نێوان مانگی تشرینی یەكەمی 2023 تا كۆتایی ساڵی 2025 ژن و كچ بن، ئەمەش رەنگدانەوەی قەبارەی كارەساتی مرۆیی و رێژەی بەرزی قوربانیانی مەدەنییە.