یونسێف: 5 ملیۆن منداڵ لە سودان لە دۆخێكی نالەباردا دەژین

عیراق 01:26 PM - 2026/04/30

نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەوەی، پێنج ملیۆن منداڵ لە سودان لە بارودۆخێكی نالەباردا دەژین، هەروەها لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا لانیكەم 160 منداڵ لەو وڵاتە كوژراون.
سندوقی مندڵانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (یونسێف)، لە بارەی دۆخی منداڵان لە سودان راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێنج ملیۆن منداڵ لەو وڵاتە لە بارودۆخێكی نالەباردا دەژین و زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، هەروەها منداڵان رووبەڕووی كوژران، كەمئەندامبوون، ئاوارەیی، رفاندن، بەكارهێنانی زۆرەملێ لەلایەن گرووپە چەكدارەكان و ئەنجامدانی توندوتیژی سێكسی بوونەتەوە.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە سێ مانگی یەكەمی 2026ـدا لانیكەم 160 منداڵ لە سودان كوژراون و 85 منداڵی تریش بریندار بوون، هەروەها لە ساڵی 2024ـەوە تا ئێستا نزیكەی 1300 منداڵ لە شاری فاشیر كوژران و كەمئەندام بوون.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی تەنها 16٪ـی هاوكارییە داراییەكانی بۆ ساڵی 2026 دابینكردووە، ئەوەش وایكردووە ئاستی هاوكارییەكان زۆر كەمتر بێت لە قەبارەی ئەو كارەساتە مرۆییەی كە بەرۆكی منداڵانی سودانی گرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو