بەهای تمەن دابەزینێكی مێژوویی تۆماركرد

کوردستان 01:24 PM - 2026/04/30

بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دابەزینێكی مێژوویی تۆماركرد‌و، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی فشارە ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران‌و ترسی دەستپێكردنەوەی جەنگ.
ئێستا لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عیراق و هەرێمی كوردستان، بەهای هەر دۆلارێك بەرامبەرە بە 179 هەزار و 850 تمەن، واتە بەهای 100 دۆلار گەیشتۆتە نزیكەی 18 ملیۆن تمەن، بەمەش لەماوەی هەفتەیەكدا تمەنی ئێرانی 16%‌و لەماوەی شەش مانگیشدا 65%ی بەهاكەی لەدەستداوە.
لە ناوخۆی ئێرانیش زۆربەی بازرگان‌و مامەڵەكاران قەرز، كڕین‌و فرۆشتنی پێشوەختە لەسەر بنەمای 100 دۆلار بەرامبەر 22 ملیۆن تمەن حساب كردووە، واتە پێشبینی دەكەن بەهای تمەن زیاتر دابەزێت. 
لەدەستدانی زیاتری بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار، پەیوەندی بەو ئاڵۆزیانەوە هەیە كە لە ناوچەكە ڕوودەدات، دوای ئەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵ هێرشیان بۆسەر ئێران دەستپێكرد، نزیكەی 40 رۆژ جەنگ بەردەوام بوو پاشان ئاگربەست ڕاگەیەندرا، ئێستاش سەرەڕای هەوڵەكان بۆ رێككەوتن، ترسی دەستپێكردنەوەی جەنگ هەیە.
هۆكارێكی تری دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار و بەشێك لە دراوەكانی تر، ئەو گەمارۆیەیە كە چەندین ساڵە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو