وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) بەهۆی نەمانی ئینتەرنێتی ستارلینك لە ناوەڕاستی زەریادا تووشی كێشە بووە.
كۆمەڵێك درۆنی دەریایی (واتە بەلەمی بێ سەرنشین) لە ناوەڕاستی زەریای هێمن ئینتەرنێتەكەیان بڕاوە و بێ كۆنترۆڵ ماونەتەوە، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتی ستارلینكی كۆمپانیای سپەیس ئێكس كە هی ئیلۆن مەسكە، لەو شوێنە پچڕاوە.بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، 24 درۆنی دەریایی كە بە زیرەكی دەستكرد كار دەكەن، بۆ ماوەی نزیكەی سەعاتێك لە كەناراوەكانی كالیفۆرنیا پەیوەندییان لەگەڵ پێنتاگۆن پچڕا و بە شێوەیەكی جڵەونەكراو لەسەر ئاوەكە دەهاتن و دەچوون.
ئەمە تاكە كێشە نەبووە پێنتاگۆن بەهۆی ستارلینكەوە تووشی هاتبێت. لە ئابی 2025، كاتێك ئینتەرنێتی ستارلینك لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان پچڕا، چەندین تاقیكردنەوەی گرنگی سوپای ئەمریكای پەكخست. ئەم رووداوانە ناوبانگی كۆمپانیاكەی ئیلۆن مەسكیان لەكەدار كردووە، چونكە هەمیشە دەڵێن ئینتەرنێتەكەیان زۆر خێرا و جێگیرە.
ستارلینك دەڵێت ئینتەرنێتەكەیان 99.9٪ی كاتەكان بێ كێشە كار دەكات، بەڵام بۆ سوپای ئەمریكا ئەو 0.1٪ـەی كە دەمێنێتەوە، كێشەیەكی گەورەیە. بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن، كاتێك ژمارەیەكی زۆر درۆن پێكەوە كار دەكەن و فشار لەسەر ئینتەرنێتەكە دروست دەكەن، ستارلینك بەرگەی ناگرێت و هێڵەكە دەپچڕێت.
ئیلۆن مەسك دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا پشكەكانی كۆمپانیای سپەیس ئێكس لە بازاڕدا بفرۆشێت، كە پێشبینی دەكرێت بەهاكەی بگاتە 2 تریلیۆن دۆلار. بەشێكی زۆری داهاتی كۆمپانیاكە نزیكەی سەدا 67 لە ئینتەرنێتی ستارلینكەوە دێت. ئەگەر ستارلینك نەتوانێت متمانەی پێنتاگۆن بەدەستبهێنێتەوە و كێشە تەكنیكییەكانی چارەسەر نەكات، رەنگە داهاتووی كۆمپانیاكە بكەوێتە مەترسییەوە.