قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا لە رۆژی پێنج شەمە(30/4/2026) لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە پێویستیی کارکردنی زیاتر و خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی لە دەڤەری بادینان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە ئامانجی یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە پێگەی خۆی لە دەڤەری بادینان بەهێزتر بکات و بۆ ئەمەش پێشوازی لە هەموو بیرۆکەیەکی نوێی کادرانی ئەو سنوورە دەکات و بە پشت بە توانا و شارەزایی کادرە پێشکەوتووەکانی خۆی دەبەستێت.
پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکە و پێشنیارەکان، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنێکی راوێژکاری تایبەت، کە ئەنجومەنە راستەوخۆ سەر بە مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دەبێت و ئەرکەکەشی پێدانی راوێژ دەبێت بە سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر کاروبارە حیزبییەکان لە سنووری بادینان بەڕێوەبچێت و پێگەی یەکێتی بەهێزتر بکرێتەوە.