نەوتی عیراق: هیچ گرێبەستێكی كۆمپانیا بیانییەكان هەڵنەوەشێندراوەتەوە

عیراق 09:47 AM - 2026/07/26

 وەزارەتی نەوتی عیراق  دڵنیایی لە گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكان  دەدات و دەڵێت، سەرەڕایی ئەو دۆخەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، هیچ گرێبەستێك هەڵنەوەشێندراوەتەوە.

سەلیم روكابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیاند، زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان كە لە پارێزگاكانی عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) كاردەكەن، لەكاتی دەستپێكردنی جەنگ بە تەواوی نەكشانەوە، بەڵكو تەنیا ژمارەی كارمەندەكانیان كەمكردەوەو ئێستاش دوای باشبوونی دۆخەكە دەستیان بە گەڕانەوە كردووە، بەوتەی سەلیم روكابی، هیچ گرێبەستێكی كۆمپانیا بیانییەكان لەم دۆخەدا هەڵنەوەشێندراوەتەوە، چونكە وەزارەت بڕگەیەكی لەناوەڕۆكی گرێبەستەكاندا زیادكرد،ئەوەش رێگە بەكۆمپانیاكان نادات وا بەئاسانی گرێبەستەكانیان هەڵبوەشێننەوە. سەبارەت بەپابەندیی كۆمپانیاكان بەكات و رێژەی جێبەجێكردنی كارەكانیان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، خشتەی كاتی بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستەكان هەیە.

هەر لادانێك لەو خشتەیە بێ پاساو، سزای دارایی یان رێكاری تووندتری بەدوادادێ كە دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و خستنی كۆمپانیاكە لەناو لیستی رەش. لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانیشەوە سەلیم روكابی رایگەیاند، بەرهەمهێنان و هەناردەكردن ناجێگیرە، بەڵام پێش دەستپێكردنی شەڕ، بەرهەمهێنان نزیكەی چوار  ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێكدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو