رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی بەردەوامیی فشارەكان لەسەر دۆلاری ئەمریكی، نرخی زێڕ زیاتر لە 1% بەرزبووەوە. هاوكات وەبەرهێنەران چاوەڕوانی داتاكانی هەڵاوسانی ئەمریكان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا، تاوەكو ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی بانكی ناوەندیی ئەمریكایان بۆ روون ببێتەوە.
دوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، رۆژی پێنجشەممە نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.4% بەرزبووەوە و گەیشتە چوار هەزار و 414 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەكانی مانگی كانوونی یەكەم بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و بە چوار هەزار و 458 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.
پسپۆڕان بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ فشارەكانی سەر دۆلاری ئەمریكی دەگەڕێننەوە، چونكە دۆلار لە نزیك نزمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوودا ماوەتەوە، ئەمەش وایكردووە زێڕ بۆ ئەو كەسانەی بە دراوی دیكە مامەڵە دەكەن، هەرزانتر بێت. ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێپەڕاندنی نرخەكەی بۆ سەرووی 100 دۆلار.