وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتایی هاتووە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كردووە، تیایدا هاتووە، بە شانازییەوە، مژدەیەكی مێژوویی و دەستكەوتێكی مەزن ڕادەگەیەنین كە خەونی لەمێژینەی گەلەكەمان بووە؛ پرۆسەی یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تەواوەتیی هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەركەوتوویی كۆتاییهات.
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، دوای چەندین ساڵ تێكۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەك یەك تیمی پێكەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا و هەشتا كە هاوكار و ڕێگەخۆشكەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە كەڵەكەبووەكان تێپەڕێنین. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخان كرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە باڵایەی كە هێزەكانی 70 و 80 بە پرۆسەیەكی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەكخرانەوە.
شۆڕش ئیسماعیل دەشڵێت، لە چوارچێوەی ئەم چاكسازییە ڕیشەییەدا، تەواوی هێزەكان لەسەر ئاستی یەك فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵ، (لیواو فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) ڕێكخرانەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا وەزیری پێشمەرگە نووسیویەتی، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بە فەرمی دەستبەكار دەبن. ئەمە دەستكەوتێكی مێژووییە و هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەكی یەكگرتوو و سەردەمیانە، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
باسی لەوەشكردووە، ئەم دەستكەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەركردایەتیی ئەمریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی هاوكارییەكانیان دەكەین و داوایان لێدەكەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێكی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی یەكگرتووی كوردستان.