بەڕێزان بەڕێوەبەر، رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان
بە گەرمی پیرۆزبایی ساڵیادی پەخشی کەناڵەکەتان لێ دەکەم، کە وەک یەکەمین کەناڵی کوردیی دوای راپەڕین دەستی بە پەخش کرد و بووە پێشەنگی میدیای نیشتمانی. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
لەو سەردەمە دژوارەدا، گەلی کوردستان تەنیا پرۆژەیەکی میدیایی نەبوو، بەڵکو دەستپێکی شۆڕشێکی رۆشنبیری و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بناغەکەی داڕێژرا. ئەم دامەزراوەیە لە هەلومەرجێکی سەختدا بووە زمانحاڵی راستەقینەی خەڵک، پارێزەری ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پردی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکەمان و جیهانی دەرەوە.
دڵخۆشم ئەمڕۆش بە هەمان گیانی بەرپرسیارانە و بە نوێبوونەوەیەکی سەردەمییانە لە کاروانەکەتان بەردەوامن و وەک سەنگەرێکی پتەو ماونەتەوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک و گەیاندنی گوتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
دەستی ماندووبوونی یەک بە یەکتان دەگوشم و هەمیشە پشتیوانتان دەبم.