بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتی و رێبوار تەها، ئەندامی سەرکردایەتی کۆبووەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی بێپایانی ئاڕاستەی هەریەک لە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا و ئاسۆ مامەند کرد، بەهۆی ئەو رۆڵەی لە خزمەتکردنی کەرکوک دەیگێڕن و هەمووان ستایشیان دەکەن کە ئەمە بۆ یەکێتی مایەی سەربەرزییە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال گەورەترین خزمەتیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و خزمەتە بەردەوامەکانی بەڕێز رێبوار تەهای کرد کە بە دڵسۆزی و بەبێ جیاوازی خزمەتی کەرکوک و کەرکوکییەکان دەکات و وتی، شانازی دەکەین کە گەنجی لێهاتووی وەک ئێوە لە ریزەکانی پێشەوەی یەکێتیدان و بەڕێزتان لە هەر پێگە و پۆستێکی حیزبی و حکومیدا بن، پاڵپشتی تەواوەتی بافڵ جەلال تاڵەبانیتان هەیە.
سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە کە پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بنەمای ئارامی و ئاوەدانی شارەکەیە و وتی، دروشم و قسەی هیچ لایەنێک ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو سوورترمان دەکات لەسەر خزمەتکردنی کەرکوک کە بەشێکە لە جەستەی زیندووی یەکێتی و قەڵای بەهێزی مانەوەمانە. ئێمە لەسەر رێبازە دەوڵەمەندەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ خزمەتکردنی شارەکە بەردەوام دەبین.