بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، كە دەكاتە رۆژی نۆی زیلحجە، حاجیان بۆ جێبەجێكردنی روكنێكی گەورەی پڕۆسەی حەج بەرەو كێوی عەرەفە بەرێكەوتن كە 12 كیلۆمەتر لە شاری مەككەوە دوورە و تا ئێوارە لەوێ دەمێننەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی كاتی نوێژی نیوەڕۆ میوانانی ماڵی خودا، گوێبیستی وتاری عەرەفە دەبن و تێیدا ئامۆژگاری، رێنوێنی و بیرهێنانەوەی فەزڵە گەورەكانی ئەم رۆژە دەخرێنەروو،
دواتر، حاجیان نوێژەكانی نیوەڕۆ و عەسر بە شێوازی (جەمع و قەسر) واتا كۆكردنەوە و كورتكردنەوە ئەنجامدەدەن، ئەوەش وەك پەیڕەوكردنێك بۆ سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ). لەگەڵ خۆرئاوابووندا، حاجیان لەكێوی عەرەفە دێنەخوارەوە و بەرەو مەشعەری "موزدەلیفە"، دەكەونە رێ و لەوێ نوێژەكانی مەغریب و عیشا بە كۆكردنەوە و كورتكردنەوە دەكەن و شەویش لەوێ دەمێننەوە و تا بەرەبەیانی رۆژی 10ی زیلحیجە لەوێ دەوستن،
دواتر لەگەڵ نوێژی بەیانیدا دەست بە قوربانییكردن دەكەن. دواتر حاجیانی ماڵی خودا لە مینا كە دەكەوێتە نێوان مەككەی پیرۆز و موزەدەلیفە و نزیكەی 7 كیلۆمەتر لە مزگەوتی حەرەمەوە دوورە و لە ناو سنووری حەرەمدایە، رۆژانی 11 و 12 و 13ی زیلحیجە سێ رەجمكردن ئەنجامدەدەن، كە بە هەرسێ رەجمی بچووك و ناوەڕاست و گەورە ناسراوە،
هەر حاجیەكسش بیەوێت دەتوانێت ئەو سێ رۆژە بۆ دوو رۆژ كورت بكاتەوە و لەدوای رەجمەكان، دواتریش بەمەبەستی ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی كە دوا روكنی فەریزەی حەجە، حاجییان روو لە كەعبە دەكەن.
فەرماندەی هێزەكانی پاسپۆرت لە حەج، ساڵح ئەلموربەع رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەكانی گەشتكردن و ئەو دۆخە نائارامەی بەهۆی شەڕی ناوچەكەوە دروستبووە، زیاتر لە 1 ملیۆن و 500 هەزار حاجی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتوونەتە ناو خاكی سعودیە.
بەپێی ئامارەكانیش بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، 5 هەزار و 120 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە گەیشتوونەتە خاكی سعودیە كە 2 هەزار و 752 كەسیان رەگەزی نێرن و 2 هەزار و 368 كەسیتریان رەگەزی مێ-ن.