هەڵمەتی فراوانی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی پارە سپیدەكەنەوە لەعیراق بەردەوامە، بەیانی ئەمڕۆ 5 كەسی تر دەستگیركران.
دوای ئەوەی لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لەلایەن بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە ناوی هێندرا، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویكردەوە،هێزێكی دەستەی نەزاهە ڕائید جبووری، پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدینیان دەستگیركرد لەكاتێكدا دەستگیركردنەكە لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بووە كە عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا ئەنجامی داون.
ڕائید جبووری پزیشك و سیاسەتمەدارێكی عیراقییە و بۆ ماوەی چەند ساڵێك پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدینی بەڕێوەبردووە، تاوەكو لە مانگی نیسانی 2016دا لەسەر داوای خۆی لە پۆستەكە بەخشراوە و پێشتریش بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سەڵاحەدین بووە و لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی پڕۆژەكانی دروستكردنی نەخۆشخانەكانی لەو پارێزگایە كردووە.
ڕۆژی 30ـی ئایار، عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكوور، بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی لە پاڵاوگەی بێجی دەستگیركر.
هاوكات لەسەروبەندی هەوڵەكان بۆدەستگیركردن و لێپرسینەوە لەو كەسانەی تێوەگلاون لەگەندەڵی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق پێنج فەرمانبەری لە بازگەی گومرگی چیمەن لەپارێزگای كەركوك دەستگیركرد و پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆهەریەكێكیان كراوەتەوە