بە سەرپەرشتیی ئەمریكا رێككەوتنی زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك - بانیاس ئیمزا دەكرێت

کوردستان 01:01 PM - 2026/07/13

 بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی واشنتۆن و لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پەرەپێدانی ئابووری ناوچەكە، بڕیارە لە كاتی سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریكا، ڕێككەوتنی سێ قۆڵی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لە ڕێگەی سوریاوە ئیمزا بكرێت.

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، هەریەكە لە عیراق، سوریا و ئەمریكا سەرقاڵی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنێكن بۆ هێڵی نەوتی كەركوك-بانیاس. ئەم بۆرییە نەوتە درێژییەكەی دەگاتە نزیكەی 800 كیلۆمەتر و لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە دەستپێدەكات و تا كەناراوەكانی سوریا لە دەریای ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنانەدایە كە بە سەرپەرشتی تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ توركیا و عیراق ئەنجام دەدرێن. تۆم باراك تەواوی هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی وردەكارییە تەكنیكی و سیاسییەكانی پڕۆژەكە تەواو بن، تا لە كاتی سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا، بە رەسمی ئیمزا بكرێت.

نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا وەك مۆدێلێكی نوێ بۆ پڕۆژەكانی یەكخستنی ئابووری و بازرگانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری كاراكردنەوەی هەناردەی نەوت لەم بۆرییەوە دەكات. تۆم باراك لە چەندین بۆنەی پێشوودا بانگەشەی بۆ ئەم دیدگایە كردووە كە ئامانجی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكەیە لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەكانەوە.

بەپێی  زانیارییەكان، پڕۆسەی ئیمزاكردنی ڕێككەوتنەكە ئاستێكی باڵا بەخۆیەوە دەبینێت. بڕیارە دوای سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریاش سەردانی ئەمریكا بكات بۆ ئەوەی بە رەسمی  بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی كاراكردنەوەی هێڵی نەوتی كەركوك - بانیاس بكات.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو