بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە سەعات 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە دەروازەی ناونووسینی ئەلیكترۆنی بۆ حاجیان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 كراوەتەوە و بۆ ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تا سەعات 12 ی شەوی 5ـی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت.
وریا بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەكە بەپێی رێنماییەكان بە خۆڕاییە و هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەكانی خۆیانەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن.
سەبارەت بە مەرجی تەمەن، وتی، پێویستە تەمەنی كەسی ناونووسكار لە 25 ساڵ كەمتر نەبێت، مەگەر لە حاڵەتێكدا كە كەسێكی تەمەن گەورە 40 بۆ 50 ساڵ بیەوێت هاوەڵێكی لەگەڵ بێت كە تەمەنی لە 25 ساڵ كەمتر بێت.
وتیشی، ئاسانكارییەك بۆ ئەو كەسانە كراوە كە ساڵی رابردوو ناویان تۆمار كردبوو، بە شێوەیەك دەتوانن تەنیا بە دوو كلیك زانیارییەكانیان نوێ بكەنەوە و بچنە ناو تیروپشكەكەوە.