خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بۆ کۆچی دوایی مۆرین مکلکی بڵاوکردەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:
بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە ماڵئاوایی لە مۆرین مکلکی ئەکەم؛ خانمێکی بێوێنە و بەڕێز کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی Kurdistan Childrens Fund و Kurdistan Save the Children. لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەوە، شەو و ڕۆژ و لە هەموو قۆناغێکی سەخت و هەموو بەربەستەکاندا پاڵپشتمبوو.
تا ئێستاش ئەو شەوە بێ کۆتایانەم لە یادە کە تا بەرەبەیان لەسەر کۆمپیوتەر کارمان ئەکرد؛ پێشنیار و پلانمان ئامادە ئەکرد و وەڵامی نامەی ڕەتکردنەوەمان ئەدایەوە، وە کاتێکیش وا هەستمان بکردایە هەموو دەرگاکان داخراون، بەدوای ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەردەوامبووندا ئەگەڕاین.
مۆرین تەنها خۆبەخشێک نەبوو، بەڵکو بۆ ساڵانێکی زۆر نزیکترین هاوڕێم بووە و هەمیشە سەرچاوەی هێز، پشتگیری و بەردەوامبوونم بووە.
بۆ چەندین دەیە، کات و وزە و دڵی خۆی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کرد، یارمەتیدەربوو لە بنیادنانی پردەکانی پەیوەندی، دۆزینەوەی چارەسەری پزیشکی بۆ منداڵان و پشتگیری بۆ خێزانەکان، وە لەو کاتانەشی کە وا دەردەکەوت هیچ دەرفەتێک نییە، ئەو خۆی دەرفەتی دروست ئەکرد.
مۆرین، تۆ لە سەختترین کاتیشدا هەر لەگەڵماندا بوویت، یادت بۆ هەمیشە لە دڵ و دەروونمدا هەڵدەگرم.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد