رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی ئاشكرایكرد، واشنتۆن و تەلئەبیب خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێی هێرشكردنە سەر ئێران ئامادە دەكەن، لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی تووند و بەئامانجگرتنی كێبڵەكانی ئینتەرنێتی ژێر دەریا دەكات.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، سوپای ئەمریكا و ئیسرائیل سەرقاڵی دانانی پلانێكی نوێن بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.
لەو چوارچێوەیەشدا، هەفتەی رابردوو پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیلی كردووە و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە تاوتوێی هێرشە نوێیەكانیان كردووە. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، پێدەچێت لە هێرشە نوێیەكەدا ژێرخانی وزە بنكە ئەتۆمییەكان و كۆگاكانی مووشەك و درۆن لە ناوخۆی ئێران بكرێنە ئامانج. وە پێشبینی دەكرێت هێرشەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول لە ئەمریكا لە سەرەتای مانگی داهاتوو، هەرچەندە هەڵبژاردنی 27ـی ئەم مانگەی ئیسرائیل دەبێتە ئاستەنگ، بەڵام پێدەچێت ناتانیاهۆ دۆخەكە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی و مانەوەی لە دەسەڵات بقۆزێتەوە.
نیویۆرك تایمز روونیكردووەتەوە، واشنتۆن و تەلئەبیب پلانیان هەیە بنكە ئەتۆمییە قووڵەكانی ژێر زەوی، لەوانەش چیای قولەنگ بكەنە ئامانج، بۆ ئەم مەبەستەش، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێشنیاری بەكارهێنانی گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی ئەمریكای كردووە كە بە دایكی هەموو بۆمبەكان ناسراوە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، لێپرسراوانی ئێران هۆشدارییان داوە و رایانگەیاندووە، لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی هێرشەكاندا، وەڵامەكەیان زۆر توندتر دەبێت.