هەمووان دەزانن کە جەنابی مام جەلال سەرکردەیەکی سیاسی گەورە و خاوەن کاریزما بوو ، جگە لەوەش دەوڵەتمەدارێکی ڵێزان بوو بەڵام ڕەنگە زۆر کەس ڕۆڵی ئەو جوامێرە لە کەرتی تەندروستی دا نەزانێت و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە ئاشنا نەبن بەوەی کە مام جەلال چۆن خەریکی دروستکردن و دامەزراندن و پەرەپێدانی نەخۆشخانەکان بوو .
لە ساڵی ۱۹۹٨ دا ئەو کات من لە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ، پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووم ، کاک د.محمد قادر خۆشناو سەرۆکی دەزگا بوو ، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنابی مام جلال تواندرا چەندنەخۆشخانەیەکی تر بخرێتە سەر نەخۆشخانەکانی شۆرش لە دەزگای پێشمەرگە، کە هەر جەنابی مام جلال خۆی لە ساڵی ۱۹۹۷ دروستی کردبوو ، لەیادمە ئەوکات لەگەڵ کاک د.محمد ، بەیانیان کاتژمێر پێنج دەڕۆشتین بۆ سەراوی سوبحان ئاغا ، چوارقونە، قەڵاچۆلان و تاسڵوجە و لەماوەی کەمتر لە شەش مانگ تواندرا پێنج نەخۆشخانەی تازە بخرێتە سەر دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ، بەسەرپەرشتی و یارمەتی ڕاستەوخۆی جەنابی مام جەلال . کە ئێستا ئەم دەزگایە خزمەتێکی بەرچاو بەپێشمەرگە و کەس وکاریان و کەس وکاری شەهیدە قارەمانەکان و چین و توێژێکی فراوان لە هاوڵاتیان پێشکەش دەکات .
لەساڵی ۲۰۰٨ دا فەرمانی بۆ دەرکردم وەک سەرۆکی دەزگای پێشمەرگە و پاڵپشتی تەواوی دەکردم بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دەزگا گرنگە.
هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونم وەک بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەساڵی ۲۰۰۹ ، جەنابی مام جەلال ، پارەی مانگانەی بۆ بەشەکانی چارەسەر بەتیشک و نەخۆشخانەی هیوا و پزیشکی دادوەری و نەشتەرگەری دڵی کراووە و بەشەکانی بێ هۆشکاری کە تاوەکو ساڵی ۲۰۱۲ بەردەوام بوو ، لەو کاتەدا فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی ویەکێک بوو لە باشترین بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان لە ئاستی کوردستان و عێراق .
لە هەموو هاتنەوەیەکی جەنابیان لە بەغدا کە ئەوکات سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو ، هەواڵی نەخۆشخانە گەورەکانی ناوچەی قڕگەی سڵێمانی لێ دەپرسیم و دەی گووت چەند نەخۆشخانەمان هەیە و چەند تەواو بووە ، بۆیە حەقی خۆیەتی و لەجێی خۆی دایە کە نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەیە بکرێت بەشارەکی پزیشکی بەناوی جەنابی مام جەلال ەوە بێت
دوای بوونم بە وەزیر لە کابینەی حەووتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، جەنابیان ئامۆژگاری کردم کە نابێت جیاوازی بکەم لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەیەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان بکرێت. توانیم تاڕادەیەکی زۆر بەیارمەتی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەردوو کابینە ، ئەو هەنگاوە بنێین و لەماوەی تەنها ۱٦ مانگ لە کابینەی حەووتەم ژمارەیەکی زۆر نەخۆشخانەی گەورە و دامەزراوە و باڵاخانەی تەندروستی بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و دوو سەد ملێۆن دۆلار بخەینە بواری جێ بەجێکردن کە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی زۆربەیان تەواو نەکران ، بۆیە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانێت کە جەنابی مام جەلال ، بەو پەڕی توانای خۆی هەوڵی ئەدا کە خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو تاکێکی کورد و عێراقی فەراهەم بکات و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە دەرەوە و لەناوەخۆ لە پتەوکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان.
ڕۆحت شاد مامۆستای کوردایەتی ، سەرکردە گەورەکە ، هەردەم هەموو شتێک و هەموو کەسێکت بیر بوو. لە هەموو بوارەکانی ژیان و خزمەتگوزاری جێ دەستت دیاربوو .
بەئارامی بنوو مامی گەورەمان ، دڵسۆزان لەسەر ڕێگاکەت بەردەوامن .