زەیدی بەڵێنی خەرجكردنەوەی قەرەبووی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال دەدات

عیراق 11:00 AM - 2026/11/22

 سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پێداون لە بودجەی داهاتوودا قەرەبووی دارایی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی دابین بكاتەوە.

محەممەد جاسم كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ڕایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا  لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوەو داوایان لێكردووە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی وەك هاوكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان تەرخان دەكرا، دەست پێبكاتەوە. 

بە وتەی كاكەیی، شێوازی پێدانی قەرەبووەكە بەم شێوەیە دەبێت كە بۆ ئاوارەكانی نێو كەمپەكان هەر خێزانێكی ئێزدی لە كەمپەكاندا بێت و بگەڕێتەوە شنگال، بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدرێت.، بۆ ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپەكان ئەو ئاوارانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان یان باشووری عیراق نیشتەجێن، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بڕی یەك ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی نەینەوا روونیكردەوە، خەرجكردنی ئەم هاوكارییە كە لە ساڵانی 2022 و 2023 جێبەجێ دەكرا، لە ساڵی 2024ـەوە راگیرابوو، گوتیشی: سەرۆكوەزیران بەڵێنی دا لە بودجەی داهاتوودا پارەكە دابین بكات، تاوەكو ببێتە هاندەرێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان. لە ساڵی 2014 و بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر شنگال، زۆرینەی دانیشتووانی قەزاكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

هەرچەندە حكومەتی عێراق هەوڵی داخستنی تەواوی كەمپەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دەدات، بەڵام وێرانبوونی خانووەكان و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە شنگال، هێشتا وەك بەربەستی سەرەكی لەبەردەم گەڕانەوەیاندا ماونەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو