لەتیف نێروەیی 09:45 AM - 2026/09/21


لەرۆژانی ڕابردوودا، سلێمانی وەک قەڵا و پێگەی ستراتیژیی کورد و یەکێتی، سەرچاوەی دوو هەنگاوی بەرپرسیارانەی گەورە بوو لە خەباتی دیپلۆماسی، ئەمنی و ئابووریدا. ئەم هەنگاوانەش ڕەنگدانەوە و بەرهەمی ئەم ئاراستە سیاسی و جوگرافییە کاریگەرەیە، کە یەکێتی ڕابەرایەتی دەکات، ئەوانیش لەدایکبوونی هەردوو لوتکەی تاران و سلێمانی بوون، کە تێیدا ئیرادەی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ پێگەی جوگرافی و کاریگەریی هەرێمیی سلێمانی لەم خاڵە هاوبەشانەدا یەکدەگرنەوە:"
ـ كردنەوەی دەرگا داخراوەكان بەرووی چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆز و بەگرێكەوتووەكان و دۆزینەوەی دەرچەی نوێی چارەسەریی بۆ پرسە هەڵواسراوەکان.
ـ خاوكردنەوەی گرژییە نەخوازراو و زیانبەخشەكان و خۆ بەدوورگرتن لە گوتاری زبر و زمانی توند.
ـ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسیی، ئەمنیی، ئابووری لەناوچەكە لەرێگەی دیالۆگێكی بەردەوام و پەیوەندییەکی هەمیشەیی.
ـ دورخستنەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە لە مەترسیەكانی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە.
ئەمەش بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ژیرانە و بەرپرسیارانەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە توانی لە لوتكەی تاران و لە سەرجەم دیدارەكانیدا لەگەڵ سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتە، دیدگا هاوبەشەكان گرنگی ئاشتی و سەقامگیری، رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ، بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سیاسییەکان و پەیوەندییە دێرینەكانی هەردوولا بكەنە بناغەی دانوستانەكان و دیدارەکانی لوتکە.
لوتكەی سلێمانیش هاوشێوەی لوتكەی تاران توانی دەرچەیەكی هاوبەش بەرووی بۆچوونە جیاوازەكانی (بەغداد، هەولێر، سلێمانی) دا بكاتەوە و لەناو ئەو بۆچوونە جیاوازانەدا بەدوای چارەسەرێكی هاوبەشدا بگەڕێن و هەموو لایەنەكان راشكاوانە كەموكوڕی و بەربەستەكان بخەنەروو: 
ـ هەروەك لوتكەی سلێمانی، توانی زەردەخەنەیەكی هاوبەش بخاتە سەر لێوی فەخامەتی سەرۆك كۆمار و رێزدار سەرۆكی هەرێم و بەستەڵەكی ساردییەكانی نێوانیان بتوێنێتەوە.  
ـ خستەڕووی كۆمەڵێك بەڵگەنامە و داتا و زانیاری لەسەر پرسە ئاڵۆز و بەگرێكەوتووەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كە بۆ رای گشتی و بۆ میدیای هەرێم و عیراق گرنگ بوون.
ـ دواجار گەیشتن بە كۆمەڵێ راسپاردەی گرنگ كە یارمەتیدەر دەبن وەكو نەخشەرێگا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
ئەم دوو لوتكە دەرخەری ئەو راستیەن كە سلێمانی لەهەموو سەردەم و قۆناغێكی دژواردا رچەشكێنە بۆ كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و دۆزینەوەی سەرەداوی چارەسەركردنی پرسە جۆراوجۆرەكان و سەرقافڵەی نوێگەری و ناوەندی بڕیارسازییە لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە. بۆیە شایستەی دەرفەت پێدانێكی زیاترە تاوەكو بتوانێت باشتر و زیاتر بەردەوامبێت.

وتارەکانی نوسەر