عیماد ئەحمەد 11:05 AM - 2026/11/23

هەندێ خەم پێش تەمەنمان گەورەمان دەکەن. هێشتا 20 ساڵم تەواو نەکردبوو، بەڵام هەواڵێک لە ناو گوندێکی خانەقین، خەمی باوکێکی کۆستکەوتووی خستە دڵمەوە. لەیلام نەدیبوو، دەنگیم نەبیستبوو، کەچی کاتێک هەواڵی لەسێدارەدانی گەیشت، هەستم کرد کچێکم لەدەست داوە. لەو رۆژەوە، لەیلا لە دڵمدا هەم مایەی شانازییە، هەم برینێکە کە ساڵان نەیانتوانیوە ساڕێژی بکەن.
چواری ئازاری 1974، لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی جەلەوە کەوتینەڕێ بەرەو گوندەکانی خانەقین. ئومێدی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی یازدەی ئازار لە دڵماندا کاڵ ببووەوە. ئەو بەڵێنانەی چوار ساڵ چاوەڕێی جێبەجێکردنیان بووین، هێشتا نەببوونە ژیان، متمانەش، وەک پردێک کە پایەکانی یەک بە یەک دەڕووخێن، لە ژێر پێماندا دەلەرزی.
ماوەیەک لە گوندی دێیسوتک، بەرانبەر دێی چیارزا، ماینەوە. ئەوکات ئەندامی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی و ئەندامی لقی لاوانی کوردستان بووم. گەنج بووین، هەر یەکەمان لە مێشکدا بیرێک و لە دڵدا کوردستانێکمان هەڵگرتبوو. لەو تەمەنەدا، مرۆڤ پێی وایە ئەگەر بە هەموو وزەی خۆی پاڵ بە دەرگای داهاتووەوە بنێت، دەکرێتەوە. هێشتا نەمانزانیبوو هەندێ دەرگا چەندە خوێن و تەمەن دەخوازن.
لە 29ی نیسانی هەمان ساڵدا، هەواڵی گرتنی لەیلا قاسم و چوار هاوڕێکەی، جەواد هەمەوەندی، نەريمان فوئاد مەستی، حەسەن حمه رەشيد، ئازاد سلەيمان میران، بڵاوبووەوە. نزیکەی دوو هەفتە دواتر، لە 12ی ئایار، هەواڵی لەسێدارەدانیان گەیشت. ئەوەی لەو هەواڵە لە یادم ماوە، قورساییەکەیەتی، وەک ئەوەی لەناکاو ئاسمان نزم بێتەوە و لەسەر سنگت بنیشێت. بەهار بوو، بەڵام لە ناخماندا شتێک هەڵوەری. پێنج ژیان، پێنج داهاتوو، پێنج ماڵی چاوەڕوان، هەموویان کەوتبوونە بەر دەستی رژێمێک کە وەڵامی داوای ئازادیی بە پەتی سێدارە دەدایەوە.
لەیلا لەو رۆژەدا بوو بە خوشکی هەموومان. دایکان بۆ خەمی دایکی دەگریان، گەنجان بۆ خەونی پچڕاوی خۆیان، خانەقینیش بۆ کچێکی خۆی کە دوور لە شارەکە، ناوی ئەوی لەگەڵ ناوی کوردستان بەرز کردبووەوە. لەیلا بۆ ئازادیخوازان بوو بە ناوێک کە تێیدا جوانی و ئازار، عەشق و هەڵوێست، پێکەوە دەژیان.
هەر لەو ساڵەدا، ناوی لەیلا وەک بارانی بەهار کەوتە سەر زمانان. کچێک لە ماڵێک لەدایک دەبوو، ناوی لەیلای لێ دەنرا، لە ماڵێکی دیکەش، دایکێک بە هەمان ناو لانکەیەکی دەجووڵاند. ئەو ناوە لە شیوەنەوە دەچووە ناو لایەلایە. خەڵک بە ناونانی کچەکانیان، بەشێک لە وەڵامی خۆیان بە ستەم دەدایەوە: ئەو ناوەی ئێوە دەیخەنە سەر لیستی مردن، ئێمە لە سەرەتای ژیانی منداڵەکانمان دەینووسین.
خانەقین، شاری ئەڵوەن و دارخورما، ئەوجارەش جلوبەرگی سپی بووکێنی بە خوێنی کچێکی تێکۆشەری خۆی ئاڵ بوو. لە خەیاڵمدا، ئەڵوەن لە کەنارەکانی خۆی دەردەچوو، تا دەستێک بگەیەنێتە ئەو کچەی لێی دوور خرابووەوە، دەیویست بە ئاوی زەمزەمی خۆی بەڕێی بکات، تا بە تینوو نەڕواتە باوەشی خاک.
لە یادەوەرییەکانمدا، دەنگی رەشید باجەلان، مەلا سەی حەکیم، عەزیز پشتیوان، شێخ موراد زەنگەنە، محەمەد دەربەنفەقەرە و زۆر کەسی دیکە لەو شارەدا دەزرنگێتەوە. لەیلا درێژەی ئەو رەگە بوو کە لە خاکی خانەقینەوە دەچووە دڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. لەگەڵ چوار هاوڕێی شەهیدی، ناوی ئەو شارەی گەشاوەتر کرد، بەڵام لە پشت هەر ئەستێرەیەکەوە، ماڵێکی خەمبار و جێیەکی چۆڵ هەبوو.
لەیلا بە عەشقی کوردستان مەست بوو، کوردستانیش بە عەشقی لەیلا سەربەرز بوو، بەڵام هەر کات ئەم قسەیە دەنووسم، دڵم لای دایکی دەوەستێت. ئێمە ناوی لەیلا دەکەینە سروود، ئەو دەنگی کچەکەی دەویست. ئێمە وێنەکەی بەرز دەکەینەوە، ئەو دەیویست کچەکەی جارێکی دیکە لە دەرگاوە بێتە ژوورەوە. هیچ شانازییەک باوەشی بەتاڵی دایک پڕ ناکاتەوە، هیچ ئاڵا و پەیکەرێکیش جێی مرۆڤێکی ئازیز ناگرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لەیلا لە ئێمەی دەوێت، لە یادکردنەوە گەورەترە. ئەگەر ناوی شەهیدان بەرز بکەینەوە و رێز لە ژیانی زیندووان نەگرین، چۆن روومان دەبێت لەبەردەم وێنەکانیاندا بوەستین؟ کچێک کە بە خەونی ئازادی چووە سەر سێدارە، یادەکەی بە پاراستنی ئازادیی کچەکانمان زیندوو دەمێنێتەوە، بە مافی خوێندن و کارکردن و ئازادی، بەوەی هیچ دەنگێک لە ترسدا لە گەروو نەخنکێت.
ئەو ئازادییەی ئەوان تەمەنی خۆیان بۆ بەخت کرد، دەبێت لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا ببینرێت، لە نانی ماڵێک، لە کەرامەتی کرێکارێک، لە ئاسایشی دایکێک و لە مافی گەنجێکدا بۆ ئەوەی بەبێ ترس بڵێت: ئەم هەڵەیە راست بکەنەوە. ئەمانە ئەمانەتی ئەو نەوەیەن و لە ئەستۆی ئێمەدان، بە تایبەتی ئەوانەمان کە لەو رۆژگارەوە ماوین و ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی لەسەر شانمانە.
ساڵان رۆیشت، من گەورە بووم، باوک بووم، باپیر بووم، بەڵام ئەو گەنجەی ناو دێیسوتک هێشتا لە ناخمدا هەواڵێکی تاڵ دەبیستێت. ئێستا باشتر دەزانم ئەو رۆژە چی بەسەرم هاتبوو. کۆستی نیشتمان هەندێ جار هێندە نزیک دەبێتەوە، هەست دەکەیت لە ماڵی خۆت کەسێکت کەم بووە.
لەیلا، چاوم بە بینینت شاد نەبوو، بەڵام دڵم بە نەمانت شینپۆش بوو. ئەمڕۆش، لە نێوان شانازی بە ناوت و حەسرەتی نەبینینتدا، هەمان گەنجی ئەوسام، ئەو گەنجەی هێشتا 20 ساڵی تەواو نەکردبوو و خەمی باوکێکی کۆستکەوتووی هەڵگرتبوو.
لەیلا، کچم بوویت، هەرچەند هەرگیز نەمدیبوویت.

وتارەکانی نوسەر