کەژاڵ ئەحمەد 11:06 AM - 2026/11/23

ساڵانێکی زۆر ئەو بیرەباو و بەسەرچووە لە هەموو جیهاندا برەوەی پێدرابوو بەتایبەتی لە خۆرهەڵات کە ژنان گرێی هەستکردن بە کەمییان هەیە، تا لێکۆڵەری دەروونیی کارین هۆرنی هات و بۆچوونەکەی پێچەوانەکردەوە و بە بەڵگەوە سەلماندی کە پیاو هەستکردن بە ترسی لە ژنان تێدا زاڵە، ئەمەش لەو کاتەوە دروست دەبێت کە لە (دایک) دەبێت و هەر دایکە چاودێری دەکات، خواردنی پێ دەدات و پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکات، کاتێکیش گەورە دەبێت دەبینێت جەستەی یارمەتیدەر نییە ئەو کارانە بکات کە ژن (دایک)، دەتوانێت بیکات، هەربۆیە لە گەورەبووندا هەوڵی نەهێشتنی ئەو باڵادەستییەی ژن و هەستکردن بە کەمییە دەدات کە لە دەروونیدا چەسپیون. بەپێی لێکدانەوەی کارین هۆرنی بێت ئەو هەستە ناوەکییانەن  وایان لە پیاو کردووە ژن بە بوونەوەرێکی سەیر، یان پیرێژنی سیحرباز، یان بە عەورەت و عەیب و شوورەیی ببینن. 
دەروونناسەکان هەرچییەکیان لە کۆندا وتبێت و ئەمانەی ئێستاش هەر شیکردنەوەیەک بۆ دەروون و ڕەفتاری ژن و پیاو بکەن، یەک راستی لە هەموو شیکردنەوەکانیان زاڵترە ئەویش ناچاربوونە بە ژیان لەسەر هەمان ئەستێرە کە زەوییە، هەوڵدانە بۆ هێشتنەوەی ژیان لەسەر زەوی، یان لەسەر هەر ئەستێرەیەکیتر، هەروەها نەبەخشینەوەی تۆمەتە بە یەکتر، چونکە ئەوەی هەیە لە دەسەڵات و دەستکەوت، تەنانەت شکست و لەیەکتر تێنەگەیشتن، لە گەنجینەکانی زەوی و نەهامەتییەکانیشی، موڵکی هەمووانن بەبێ جیاوازی و رەچاوکردنی رەگەز. پێکەوە هەردوو لایەن، بەبێ ئەوەی یەکێکیان هەوڵی سڕینەوەی ئەویتر بدات، کۆمەڵکوژ یان ژێردەستەی بکات، تەنانەت بەبێ ئەوەی مافی گۆڕینی بەرامبەرەکەی بدات تا وەکو خۆی لێ بکات، لەسەر یەک ئەستێرەی گەردوون بەبێ ئاڵۆزکاندنی هەست و مامەڵەکانیان دەتوانن بێ کێشەتر بژین، چونکە سەربەخۆیی لەوەدا نییە بەتەنیا هەر خاوەنی خۆمان بین، بەڵکو ئەو بەرپرسیارێتیشە کە سەربەخۆیی شوێن و باوەڕ و ژیانی دەوروبەرەکەمان زامن دەکات، پەیوەستە بە ئازادیمانەوە. 
ئازادیی ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ملکەچ و مافخوراودا چ مانایەکی دەبێت؟ مافی ژن لە یەکسان بوونیدا بە پیاو لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەرکی پیاوبوون بۆ ئەرکە ژنانەکەیشت زیاد بکات، پاڵنانی ژنە بۆ پسان لەژێر زەبری ئەرکە لەتوانا بەدەرەکان. بۆ کۆمەڵگەکانی وەک کۆمەڵگەی ئێمە گرنگ نییە ئەوە پیاوە لەڕووی دەروونییەوە بەرامبەر بە ژن هەست بە کەمیی دەکات، یان ژنانن ئەو هەستەیان هەیە لەکاتی بەراوردکردنی خۆیاندا بە پیاوان، چونکە ئەو هەستە لەوانەیە چینی هەژاریش بەرامبەر سەرمایەدار هەیبێێت.
ئەوەی جێگەی بایەخە ئەوەیە ژنیش و پیاویش واز لە ململانێ دەروونییەکان بهێنن و ململانێ و پیلانە گەورەکان ببینن کە ئەگەر زۆرە لە دژی قەوارەی هەرێم و کوردبوون لە ئارادابن. ئەوە راستە کە تەندروستیی دەروونی مرۆڤەکان گرنگە، بەڵام بێگومان تەندروستیی بیرکردنەوە و بەرنامەڕێژیی کە زۆر جێگەی بایەخ نییە لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکاندا، بایەخی تایبەتی هەیە و کایەیەکە ژنان زیاتر پێویستیان بەوەیە ئاوڕی لێبدەنەوە و تێیدا بژین.

وتارەکانی نوسەر