نەتەوەیەكگرتووەكان: تێچووی جەنگی 40 ڕۆژەی ئێران بەشی تێركردنی 87 ملیۆن كەسی دەكرد

عیراق 07:50 PM - 2026/05/01


تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مرۆیی دەڵێت، ئەوەی پێنتاگۆن بۆ شەڕی دژی ئێران خەرجیكردوە، بەشی تێركردنی 87 ملیۆن كەس دەكات لە ساڵی 2026دا.
دەشڵێت، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندوە كە تێچووی جەنگی چل ڕۆژەی نێوان ئەمریكا‌و ئێران 25 ملیار دۆلار بووە، ئەو پارەیەش بەشی تێركردن‌و دابینكردنی پێداویستییەكانی 87 ملیۆن كەس دەكات بۆ ساڵی 2026.
ڕاشیگەیاند، ئەوەی ئەوان داوایانكردووە كەمتر لە 1%ی ئەو پارەیەیە‌ كە جیهان لە ساڵێك دا بۆ چەك و بەرگری خەرجی دەكات. سەرەڕای ئەوەش شەڕ و داخستنی گەرووی هوورمز لە ئەنجام دا بووەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراك بەڕێژەی لەسەدا 20.
یاریدەدەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا ژمارەی برسییەكانی سۆماڵ دوو هێندە زیاترە لەوەی شەش مانگ لەمەوبەر ڕایانگەیاندبوو. هاوكات زیاتر لە 300 ملیۆن كەس پێویستیەكی زۆریان بە هاوكاری هەیە، بەڵام بەهۆی كەمكردنەوەی بودجەوە ناچاربوون تەنیا 87 ملیۆن كەس لە پێشینەی كارەكان دابنێن، چونكە ئەمریكا و وڵاتانی دیكە هاوكاریەكانیان كەمكردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندوە، تێچووی جەنگی 40 ڕۆژەی ئێران 25 ملیار دۆلار بووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەو ئامارە ڕاست نییە‌و تێچووی 40 ڕۆژی جەنگ لەسەر ئەمریكا 100 ملیار دۆلار بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو