وەزیری نەوت: بۆری هەرێمی كوردستان تاكە دەروازەی هەناردەكردنی نەوتە

کوردستان 09:44 PM - 2026/05/22

باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت، بۆری هەرێمی كوردستان تاكە دەروازەی هەناردەكردنی نەوتی عیراقە ‌و ئەو بڕە نەوتەی ئێستاش لە رێگەی هورمزەوە هەناردە دەكرێت كەمترە لە 10٪ی دۆخی ئاسایی.

دەشڵێت، لەم دۆخەدا هەناردەكردنی نەوت تەنها لە رێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە كە بڕەكەی ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیلە‌و هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت.

هاوكات عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، وەزارەتی نەوتی راسپاردووە دەروازەكانی هەناردەی نەوت هەمەجۆر بكات ‌و قەبارەی هەناردەكردنی نەوتیش زیاد بكات، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەم زوانە بۆریی كەركوك – جەیهان بكەوێتەوە كار.

سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتیش لە ڕێگەی بەندەرەكانی باشووری عیراق ‌و گەرووی هورمزەوە، وەزیری نەوت دەڵێت، ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی هورمزەوە هەناردە دەكرێت كەمترە لە 10٪ی دۆخی ئاسایی، چەند گرێبەستێكیشیان بۆ فرۆشتن ‌و هەناردەكردنی 200 ملیۆن بەرمیل نەوت كردووە، بەڵام كۆمپانیاكان ناتوانن سەركێشی بە كەشتی و تیمەكانیانەوە بكەن بۆ تێپەڕین بە گەرووەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو