ڕۆژانە لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان سەدان ئۆتۆمبێل هەناردەی ئێران دەكرێت، گومرگی سلێمانیش وردەكاریی ڕێكارەكانو بڕی پارەی وەرگیراو ئاشكرا دەكات.
قادر پیرۆت، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی دەڵێت، بڕی ئەو گومرگەی لە هەناردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران وەردەگیرێت كەمترە لە هاوردەكردن، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلانە پێشتر یەكجار گومرگ كراون.
دەشڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی كاردەكەن تەنیا گومرگێكی رەمزییان لێ وەردەگیرێت كە سەدا دووی نرخی ئۆتۆمبێلەكەیە.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی روونیكردەوە، تێچووی هەناردەكردنیان زیاترە. لەبەر ئەوەی لەكاتی هاوردەكردنیاندا بۆ هەرێمی كوردستان گومرگ نەكراون، لەكاتی هەناردەكردنیان بۆ ئێران هەم گومرگی هاوردە كە 15%ـەیە و هەم گومرگی هەناردە كە 2%ـە لێیان وەردەگیرێت، كە كۆی گشتی دەبێتە 17%.
ئێستادا ئۆتۆمبێلی تۆماركراو و ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتیش هەناردەی ئێران دەكرێن. بۆ بردنەدەرەوەی ئۆتۆمبێلی تۆماركراو، پێویستە خاوەنەكەی داواكاری پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بكات و تابلۆكانی تەسلیم بكاتەوە، پاشان دەست بە ڕێكارە گومرگییەكان بكات.
ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتیش لەسەر داواكاریی كۆمپانیاكان هەناردە دەكرێن. بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی، هەناردەی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران لە دوای هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە دەستیپێكردووە و تائێستا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی رەوانەی ئەو وڵاتە كراون زۆر نین و پڕۆسەكە لە سەرەتادایە.