لە خۆڵەمێشی شكستەوە بۆ چەخماخەی شۆڕشی نوێ؛ چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتیی

کوردستان 11:09 PM - 2026/05/30

ساڵی 1975 بۆ گەلی كورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، یەكێك بوو لە تاریكترین و سەختترین وەرچەرخانەكانی مێژوو.
 دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە دەرئەنجامی ڕێككەوتننامەی شوومی جەزائیر، نائومێدییەكی كوشندە و بێدەنگییەكی سیاسی باڵی بەسەر تەواوی باشووری كوردستاندا كێشا.
لەو كاتەدا كە نەیارانی كورد وا تێدەگەیشتن دۆزی ڕەوای ئەم گەلە بۆ هەمیشە كۆتایی هاتووە و هەستانەوە لە ژێر باری ئەو شكستە گەورەیە بە تەواوی مەحاڵە، پێویستییەكی مێژوویی و ئیرادەیەكی پۆڵایین هاتە ئاراوە.
 لە ناو جەرگەی ئەو بێهیواییە و لە یەكی حوزەیرانی 1975دا، دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك وەڵامێكی حەتمی و چەخماخەیەكی نوێ بۆ ڕەتكردنەوەی تەسلیمبوون ڕاگەیەندرا.
 ئەم حزبە تەنها نەبووە ڕێكخراوێكی سیاسی نوێ، بەڵكو بووە پەیڕەوێكی جیاواز بۆ كۆكردنەوەی هێزە پەرتەوازەكان، داڕشتنەوەی بیری نوێی شۆڕشگێڕی، سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە ئیرادەی گەلێك بۆ ئازادی، لە هیچ پلانگێڕییەكی نێودەوڵەتیدا سەركوت ناكرێت.
دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری كە بە شۆڕشی نوێ ناسراوە، لە یەكی حوزەیرانی 1976، واتە ساڵێك دوای دامەزراندنی یەكێتی، وەك یەكێك لە سەركێشترین و گرنگترین وەرچەرخانە مێژووییەكانی كورد دادەنرێت. ئەم پرۆسەیە لە بارودۆخێكدا دەستیپێكرد كە سوپای بەعس لە لووتكەی هێزیدا بوو.
لە سەردەمەدا بەعس ناوچە سنوورییەكانی تەخت كردبوو، بەڵام مەفرەزە سەرەتاییەكان كە بە مەفرەزە پارتیزانییەكانیش ناسرابوون، گڕیان بەردایە تاریكی شەو، شۆڕشەكە بە سوپایەكی گەورەوە دەستی پێنەكرد، بەڵكو بە مەفرەزەی بچووكی سێ بۆ حەوت كەسی دەستیپێكرد، هەمووشیان توانای دابینكردنی چەكیان نەبوو، بەڵام ورە پۆڵاینەكەیان بۆخۆی چەكێكی بەهێزبوو.
 ئەم مەفرەزانە بە شێوازی "شەڕی پارتیزانی واتە دەست بوەشێنە و بڕۆ، كاریان دەكرد، چونكە هێزی مرۆیی و چەك زۆر كەم بوو.
ئەوكاتە سەرانی بەعس دەیانووت، دارخورما لەسەر شاخەكان بڕوێت، جارێكی تر پێشمەرگە لە شاخەكان دروست نابێتەوە، بەڵام بەڕوو و گوێزی شاخەكان بوونە خۆراكی پێشمەرگە و ئەشكەوتەكانیش بوون بە پەناگەیان، بەوەش سەرانی بەعس سەریان دای لە تاشەبەردەكان و خۆیان گۆڕ بە گۆڕبوون و یەكێتیی و پێشمەرگەش مانەوە و سەریش كەوتن.
سەركردایەتی ئەم یەكێتیی و شۆڕشە لە سەرەتاوە لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەدەكرد، بەڵام حیكمەتی سەرۆك مام جەلال و چەند سەركردەیەكی تری دامەزرێنەری یەكێتیی، كە ئەوانیش نەوشیروان موستەفا، فوئاد مەعسوم، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی، دكتۆر كەمال فوئاد و عومەر شێخ مووس بوون، توانی دەیان و سەدان سەركردە و كادیر و پێشمەرگەی تر پێبگەیەنێت و ئەم كاروانە بگەیەنێتە سەركەوتن 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو