وەفدی ئیمراڵی: تەنیا بڕوا بەو زانیاریانە بكەن كەوەفدی رەسمی و خێزانی ئۆجەلان بڵاویان دەكەنەوە

عیراق 10:09 PM - 2026/08/23

وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بەكۆبوونەوەكانی وەفدەكە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوبوونەوە ڕوونكردنەوە دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە،لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێك نووسین كە وەك تێبینییەكانی كۆبوونەوە نیشان دەدرێن و دەخرێنە پاڵ ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان، دووبارە لە دیجتاڵ میدیاكاندا بڵاوكراونەتەوە، ڕوون نییە لە كوێوە هاتوون و لەسەر چ بنەمایەكن. 

هاوكات ئاماژەی بەوەشداوە، لەم نووسینانەدا هەندێك شت زیاد دەكرێن و هەندێكیش لادەبرێن هەروەها هەندێك وتە و دەربڕین سەبارەت بە كەسایەتییەكان زیاد دەكرێن، لە هەندێك لەو نووسینانەشدا كە بە ناوی كۆنووس بڵاودەكرێنەوە، هەندێك بانگەشە هەن كە ئامانجیان چەواشەكردنی ڕای گشتی و تێكدانی ڕەوتی قۆناغەكەیە.

دەشڵێن، ئەم جۆرە نزیكایەتییانە وەك جووڵەیەكی مەترسیدار دەبینین كە ڕاستەوخۆ دەیەوێت ئۆجەلان و ئەو قۆناغەی گەیشتووەتە ئاستێكی گرنگ، تێكبدات و پەكبخات، بەڵام ئێمە بە ئاشكرا دەڵێین كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت.
هەروەها وەفدی ئیمراڵی تەئكید دەكاتەوە، تەنیا دەبێت بڕوا بەو بەڵگە و تێبینی و زانیارییانە بكرێت كە لەلایەن وەفدی ئیمراڵی، یان لەلایەن ئەو بنەماڵە و پارێزەرانەوە دێن كە لەگەڵ ئۆجەلان كۆدەبنەوە و بنەمای رەسمییان هەیە.

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە یەكێكە لە گرنگترین پرۆسەكان لەهەناوی پڕ لە كێشمە كێش و ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەری هەڵداوە، هێشتا بەتەواوی ئەو پرۆسەیە نەگەیشتووەتە ئەنجام ، بەڵام بەپێی وتەكانی وەفدی ئیمراڵی و تەئكیدكردنەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆسەیە تاڕادەیەكی باش بەڵگەی سەركەوتنی پرۆسەكە نیشان دەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو