قوباد تاڵەبانی ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی هەم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەم بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و هەم بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەین.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، ئامادەین بۆ هەر شتێك كە هەرێمی كوردستان لەم چەقبەستووییە دەرباز بكات، بەڵام ئاسانترین كار ئەوەیە ئێمە دانیشین و ڕێكبكەوین لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕونیكردەوە، کێشە ئەنجامدانی کۆبوونەوە نییە، بەڵکو پێویستە لایەنەکان لەوە تێبگەن کە ئەم حکومەتەی پێکدێت پێویستی بەهاوبەشی و پێکەوەکارکردن و پێکەوەژیانە.
قوباد تاڵەبانی تەئكیدی لەوەشكردەوە كە هەرکاتێک دیاریی بکرێت بۆ کۆبوونەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیە و بەڕێزەوە لە دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەڕوانن.