پەیامی مەکتەبی سیاسی بە بۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان

کوردستان 01:14 PM - 2026/05/31

پەیامی مەکتەبی سیاسی بە بۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان 
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەکێتی
ئەمرۆ پەنجا و یەک ساڵ بەسەر دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پەنجا ساڵ بەسەر پەرپاکردنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تێپەڕ دەبێت.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ئەم تێکۆشانە بۆ سەرفرازی ئەوان بەرپا بووە.

خەباتی خوێن و فرمێسکی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، دوای شانزە ساڵی بێ وچان لە وێستگەی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بە نەخشەی ورد و  ژیرانەی یەکێتییەکەتان، گەیشتە قۆناغی رزگاری بەشێکی بەرچاوی خەڵک و خاکی کوردستان، زەمینەی بیناکردنی ئەزموونی دیموکراتی و حوکمی خۆبەخۆی بۆ رەخساندین کە سەرەڕای دژواری و ناکۆکی ناوخۆیی بووە ئەزموونێکی پایەداری ئەوتۆ دوای روخانی دیکتاتۆری بەعسیش، لەدەستووری عێراقدا چەسپێنراوە.

ئاکامی تێکۆشانی یەکێتیی و شۆڕشە ئومێد بەخشەکەی بە ڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵە دێرینەکانی لە دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەکان، لە کوردستان و سەرتاسەری عیراقدا بۆتە شانازییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزن و نەبەردی دیموکراتی درەوشاوە.

بە سەربەرزییەکی کوردانەوە، عیراقی ئێستا بەرهەمی ئەندێشەی کەمەندکێشی ئەم شۆڕشە نوێباوەی یەکێتییە کە مەسەلەی کوردستانی تا سەرکەوتنێکی چۆنایەتی بردە سەرەوە و  عیراقی گەیاندە بژاردەیەکی فیدرالی و دەستووری کە تەنانەت نەخشە رێگای یاسایی ماددەی ١٤٠یشی بۆ  پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان چەسپاندووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش هەوڵی یەکێتی بۆ پێکەوە ژیان و سەرکەوتنی ناسنامەی کوردستانێتی کەرکوک، تا سەر درێژەی دەبێت
ئەمرۆش کە بیرەوەری ئەم بۆنە میللییەی دامەزراندنی یەکێتی و بەرپاکردنی شۆڕشی نوێیە، وەک یەکێتیی بەڵێنی لێبڕاوانە دووپات دەکەینەوە هەمیشە و تا دوا ئامانجی مافی چارەنووس، هەر یەکێتییەکەی خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵک و داکۆکیکاری راستگۆی ویست و مافەکانیان بین.

هەمان یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال بین کە ئێستا بەسەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کاروانی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و هێنانەدی هەموو ئیستحقاقە دەستووری و نیشتمانییەکانی شەراکەتی راستەقینە، بەرەو پێشەوە دەبات. لە قۆناغێکی بوژاوەدا کە حیساب لەسەر قسە و هەڵوێست و بڕیاری یەکێتی دەکرێت، چونکە ئەوی دەیڵێت جێبەجێی دەکات
لە قۆناغێکدا لەسەر بنچینەی وەفاداری بۆ تێکۆشانی دێرین، خەباتی ئۆرگانییمان وا نوێ و تۆکمە دەبێتەوە کە دەرەقەتی ئەرکەکانی داهاتووی کوردایەتی و دیموکراتی بێت
جا لە کاتێکا گەلەکەمان و ئۆرگانە حزبییەکان بە پەرۆشەوە بۆنەکانی یادی یەکێتیی بەرز ڕادەگرن، ئەمرۆ حزبی شەهیدان وزە و ئیلهام لە گیانی پاکی شەهیدانی رزگاری و ئەزموونەکەمان و ویستی نەتەوەیی گەلەکەمان وەردەگرێ بۆ ئەوەی، بە هاوسەنگی حوکمڕانی و دادپەروەری کوردستانییەوە، هەم دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان کارا بکرێت و هەمیش تاقیکردنەکەمان، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەمانە، لە هەڕەشە و گوڕەشەی نەیاران بپارێزرێت
سەرکەوێ خەباتی رەوای یەکێتی بۆ( ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین)
 سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی گەلەکەمان و یەکێتی و شۆڕشی نوێ


مەکتەبی سیاسیی
 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو