وزەی ئەمریكا: هەفتەی رابردوو هیچ بڕە نەوتێك لە عیراقەوە هاوردە نەكراوە

عیراق 09:56 AM - 2026/06/01

داتاكانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریكا، دەریانخستووە، ئەمریكا لەماوەی هەفتەی رابردوودا هیچ نەوتێكی خاوی لە عیراق و سعودیە و لیبیا هاوردە نەكردووە، دوای ئەوەی لە هەفتەكانی پێشووتردا هاوردەكردنی جیاوازی لەو وڵاتانە تۆماركردبوو.

بەپێی ئەو داتایانەی روانگەی ئیكۆ عیراق پێداچوونەوەی بۆ كردووە، هاوردەكردنی نەوتی خاوی عیراق لەماوەی ئەو هەفتەیەی كە باسی لێوە دەكرێت گەیشتووەتە سفر، دوای ئەوەی لە هەفتەی پێشووتر 67 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا تۆماركراوە، هەروەها واشنتۆن هیچ بڕە نەوتێكی سعودی هاوردە نەكرد  و لیبیاش لە ئاستی هاوردەكردنی بەڕێژەی سفر بەردەوام بوو.

كەنەدا لە پێشەنگی ریزبەندی گەورەترین هەناردەكارانی نەوتی خاوە بۆ ئەمریكا و  بە تێكڕا هەفتەی رابردوو رۆژانە سێ‌ ملیۆن و 829 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا دێت بە 414 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، پاشان كۆڵۆمبیا بە 211 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەرازیل بە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، مەكسیك بە 145 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، هاوردەی ئیكوادۆر گەیشتۆتە 114 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

هەفتەكانی پێشووتر هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریكا ناجێگیربووە و بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە تەواو كەمیكردووە بەجۆرێك لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا گەیشتووەتە 48 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، پاشان گەیشتە 76 هەزار بەرمیل، دواتر 100 هەزار بەرمیل و كۆتا جاریش هەفتەی پێشووتر 67 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بووە و هەفتەی رابردووش هیچ بڕە نەوتێك لە عیراقەوە بۆ ئەمریكا نەڕۆیشتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو