ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: فەرمانی دەستگیركردنی سودانی ساختەیە

عیراق 10:36 AM - 2026/06/24

  
دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە دەستگیركردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی  پێشووی عیراق، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راستی و دروستیی بابەتەكە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكات و دەڵێت ، فەرمانی دەستگیركردنەكە ساختەیە .
لە چەند رۆژی رابردوودا، نووسراوێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە تێیدا ئاماژە بە دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی  عیراق كرابوو. بەپێی  ناوەڕۆكی نووسراوە بڵاوكراوەكە، فەرمانەكە مێژووی 23ـی ئەم مانگەی لەسەر بووە و وا نیشان درابوو كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی یەكەمی كەرخەوە دەرچووە.ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق بە رەسمی هاتە دەنگ و روونكردنەوەیەكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە. ئەنجوومەنەكە ئاماژەی بەوە كردووە ،دوای پەیوەندیكردن بە دادگای لێكۆڵینەوەی یەكەمی كەرخ و بەدواداچوونی ورد، دەركەوتووە كە هیچ فەرمانێكی لەو شێوەیە بوونی نییە. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بە شێوەیەكی بڕاوە رایگەیاند ،ئەو فەرمانی دەستگیركردنەی بڵاوكراوەتەوە، بەتەواوی ساختەیە و چەواشەكاریی تێدا كراوە.لە بەشێكی تری ڕوونكردنەوەكەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هۆشداریی توند دەداتە ئەو لایەن و كەسانەی كە دەست دەدەنە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و نووسراوی ساختە. ئەنجوومەنەكە تەئكیدی كردووەتەوە كە ئەم جۆرە كردەوانە بەپێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی عیراقن و زیان بە سەقامگیری دەگەیەنن. هەروەها رایانگەیاندووە ، رێكاری ورد و توندی یاسایی بەرامبەر هەر كەسێك دەگیرێتەبەر كە بەڵگەنامەی ساختە دروست بكات یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی بكاتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە ، لە عیراق هەنگاوەكان بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران و ئەوانەی تێوەگلاون لەبەهەدەردانی سامانی نیشتمانی و بابەتی سپیكردنەوەی پارە، خێراتركراوە و رۆژ لە دوای رۆژ ئەو كەسانە دەستگیر دەكرێت كە چاویان لەسەرە و وەك بەشێك لە گەندەڵی ئیداری ناویان دەهێندرێت، دەستگیركردنی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق و دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و هاوكات دەستگیركردنی چەندین فەرمانبەرو بەڕێوەبەری تر بوونەتە دەستكەوتێكی گەورەو خاڵی گەورەی وەرچەرخان  لە سیستمی حكومڕانی لەعیراقدا و داواشدەكرێت هەنگاوەكان خێراتر بكرێن بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵكاران.





بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو