وێنەكانی ئەم دواییەی مانگی دەستكرد خێرایی كاركردن لە بنكە مووشەكییە ژێرزەمینییەكانی ئێران ئاشكرا دەكەن، كە هەوڵە چڕەكانی تاران بۆ كردنەوەی دەروازەكانی چوونە ژوورەوە كە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا داخراون، نیشان دەدەن.
ئەم پێشهاتانە پرسیاری جددی لەناو شارەزایانی سەربازیدا دەوروژێنن سەبارەت بە كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان لە نەهێشتنی توانا مووشەكییە دوورمەوداكانی ئێران، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستن بە شێوازە سەرەتاییەكان بۆ چاككردنەوەی زیانەكانی چەكی تەكنەلۆژیای بەرز.
ئەو وێنانەی كە سی ئێن ئێن پێداچوونەوەی بۆ كردووە و بە مانگە دەستكردەكانی ئەیرباس گیراون، نیشانی دەدەن ئێران كەرەستەی بیناسازی سەرەتایی وەك بولدۆزەر و بارهەڵگر بەكاردەهێنێت بۆ لابردنی داروپەردوو و كردنەوەی دەروازەكانی تونێل كە بەهۆی بۆردومانەكانەوە داخرابوون. بە وتەی شارەزایان، ئەم ئۆپراسیۆنانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە توانای مووشەكیی ئێران تەنیا بە ئامانجگرتنی دەروازەكانی چوونە ژوورەوە بە تەواوی بێلایەن ناكرێ، لەكاتێكدا جبەخانەی سەرەكی و شوێنی هەڵدانی و كارمەندەكانی لە قووڵایی شاخەكاندا بە پارێزراوی بمێننەوە.
لە بنكەی ئاسمانی دێزفول، ئەو وێنانەی گیراون، دەریخستووە چوار لە پێنج دەرگای چوونە ژوورەوە كە پێشتر داخراوبوون، كراونەتەوە. لە شوێنێكی تری باكووری كرماشان، دەروازەكانی چوونە ژوورەوە چاككرابوونەوە و رێگاكانی چوونە ژوورەوە قیرتاوكرابوونەوە دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانی قورسەوە زیانی پێگەیشتبوو،هەوڵەكانی ئێران تەنها لە چاككردنەوەی بنكەكاندا سنووردار نییە، بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی زنجیرەی دابینكردن كە هاوپەیمانییەكە كردوویانەتە ئامانج، لە كارگەی پێكهاتە ئەلیكترۆنیەكانەوە تا شوێنەكانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی مووشەكی.
سەرەڕای دڵنیاییەكانی پیت هێگسێتی وەزیری جەنگی ئەمریكا لەدوای ئاگربەستەكەی 8ی نیسان كە ئێران ناتوانێت سەكۆ و مووشەكەكانی بگۆڕێت، بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تاران هەموو كاتی پێشبینیكراوی تێپەڕاندووە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی تواناكانی، لەوانە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چاككردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنان.