لێپرسراوانی روسیا لە نیمچە دوورگەی كریم، باری نائاساییان لەسەر ئاستی هەرێمی راگەیاند. ئەو بڕیارەش دوای هێرشە چڕەكانی ئەم دواییەی ئۆكرانیا دێت كە بوونەهۆی دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی تەزوی كارەبا لە ناوچەكەدا.
بەهۆی بەئامانجگرتنی رێگاكانی گواستنەوە و دامەزراوە نەوتییەكان لەلایەن ئۆكرانیاوە، دەسەڵاتدارانی كریم فرۆشتنی سووتەمەنییان بە هاووڵاتیان راگرتووە و كارەبای چەندین ناوچە بڕدراوە. سێرگی ئەكسیۆنۆف، پارێزگاری نیمچە دوورگەی كریم رایگەیاند: بڕیاردرا باری نائاسایی لەسەر ئاستی كۆماری قرم و شاری سێباستۆپۆڵ رابگەیەنرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین كات كارەكانی هەموو كەرتە هەستیارەكان رێكبخەینەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكرای كرد، تەنیا لە یەك شەودا 660 درۆنی ئۆكرانییان لە ئاسمانی مۆسكۆ و كریم خستووەتە خوارەوە، ئەوەش یەكێكە لە بەرزترین ئامارەكانی هێرشی درۆنی لە سەرەتای دەستپێكی جەنگەوە لە شوباتی 2022.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا، لەبارەی هێرشەكانەوە وتی: ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رووسیا ناچار بكەین جەنگ كۆتایی پێ بهێنێت. نیمچە دوورگەی كریم چەقی سیاسەتی ئێمەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. زێلێنسكی ئاماژەی بەوەش كرد، ئۆكرانیا خەریكە كریم لە دەستی رووسیا دەردەهێنێت.
رووسیا لەساڵی 2014وە نیمچە دوورگەی كریم لكاندووە بە خاكی خۆیەوە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهان دان بەو هەنگاوەدا نانێن. ناوچەی دەریای رەش بۆ ڤلادیمێر پووتین گرنگییەكی مێژوویی و ستراتیژی زۆری هەیە، لە بەرامبەردا ئۆكرانیا تەئكید دەكاتەوە، كریم بەشێكی دانەبڕاوە لە خاكەكەی و هەرگیز دەستبەرداری نابێت.