سوپای ئەمریكا هێرشی كردە سەر ئێران

عیراق 10:25 AM - 2026/06/27

سوپای ئەمریكا چەند ئامانجێكی لە ئێران بۆردوومان كرد و دەڵێت، لە وەڵامی هێرشی ئێران بووە بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هوورمز. سوپای پاسدارانیش دەڵێت، وەڵامی هێرشەكانیان داوەتەوە‌و چەند پێگەیەكی ئەمریكایان لە ناوچەكە بۆردومان كردووە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، وەك وەڵامێكی بەهێز بۆ هێرشی رۆژی پێنجشەممەی ئێران بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هوورمز، هێزەكانیان هێرشییان كردووەتە ژمارەیەك ئامانج لە ئێران. سێنتكۆم دەڵێت، فڕۆكە جەنگییەكانیان كۆگا‌و شوێنی هەڵگرتنی مووشەك و درۆن و ڕادارییان لە كەناراوەكانی ئێران كردووەتە ئامانج.

سێنتكۆم تەئكیدیكردووەتەوە، هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە پشتیوانی و هەماهەنگی بە ئامانجی هاتوچۆی سەلامەتیی كەشتییەكان بە گەرووی هوورمزدا، بۆ ئەوەش سوپای ئەمریكا بە هەموو هێز و توانایەوە ئامادەیە بۆ گرەنتی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران.

سەبارەت بە هێرشەكە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویكردەوە، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەندەری سیریك لە هورمزگان بیستراوە و دوو مووشەك بەر تاوەری پەیوەندییەكان لەو ناوچەیە كەوتوون.

هاوكات سوپای پاسداران لەبارەی بۆردومانكردنی دوورگەی سیریك لە لایەن ئەمریكاوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تیایدا ئاماژەی بەوەكردوە، سوپای پاسداران ئاماژەی بە كاردانەوەی هێرشەكە كردووە‌و دووپاتی كردووەتەوە كە وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوە‌و چەند پێگەیەكی ئەمریكایان لە ناوچەكەدا بۆردومان كردووە.

ڕاشیگەیاندوە، ئەمریكا بە بیانووی ڕێگریی ئێران لە كەشتییەك لە گەرووی هورمز كە بە نایاسایی دوورگەكەی تێدەپەڕاند، ئێرانی بۆردومان كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو