تۆم باراك، تەئكید لە گرنگی پێگەی عیراق، سوریا و توركیا دەكاتەوە و دەڵێت ئەو سێ وڵاتە چەقی سەقامگیرین بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تۆم باراك، باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عیراق و سوریا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ترووس سۆشیال نووسیویەتی، شانازی دەكەم كە لە خزمەتی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپدا دەبم، ئەو دەستكەوتگەلێكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە هیچ سەرۆكێك بەر لەو نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت.
باراك نووسیویشیەتی،كاتێك ئەو واتا "دۆناڵد ترەمپ" قسە دەكات، ئەوان بە دۆست و دوژمنەوە گوێ دەگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، سیاسەتی ئێستای ئەمەریكا چی تر لە لایەن رۆژئاواوە و بۆ رۆژئاوا نییە، بەڵكو لە لایەن ناوچەكەیە و بۆ ناوچەكەیە. باراك باسیلەوەشكردووە، مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی شێوازی تایبەتی و سەرۆك بۆ سەرۆك تاكە رێگایە ئەو ناوچە ئاڵۆزە بەڕاستی توانای تێگەیشتن لێی هەبێت.
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی ناوچەكە، باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عیراق و سوریا لە پۆستێكی تردا رایگەیاند، لە نەریتی ئەوانەی كە دەمێكە لە شام و ئەنادۆڵ دەكۆڵنەوە، عیراق، سوریا و توركیا وەكو چەقی ستراتیژی دەمێننەوە كە هەر سەقامگیرییەكی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەری دادەمەزرێت.
راشیگەیاند، هاوسەنگكردنی ئەم سێ وڵاتە پێویستی بە یەك خاڵی جێگیری پەیوەندی و هێزی ئەمەریكا هەیەئەوانیش، تێپەڕاندنی جیاوازییە خێڵەكی، ئایینی، یان تائیفییەكان. دەشڵێت، ئەم ئەركە گرنگە، دۆناڵد ترەمپ باوەشی بۆ كردووەتەوە، هەوڵ دەدات یارمەتیدەری ناوچەكە بێت لە رێكخستنی خۆی بەرەو خۆشگوزەرانی هاوبەش، ئەویش بە چنینی ڕیشاڵە جیاوازەكانی لە یەك مافوری چنراودا.