ئەنجومەنی پیران بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە ئۆپراسیۆنەكانی دژی ئێران رەتكردەوە

عیراق 02:19 PM - 2026/06/25

تەنها رۆژێك دوای ئەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بڕیارێكی پەسەند كرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژی ئێران، بەفشاری ئیدارەی ئەمریكا جارێكی تر دەنگدان لەسەر بڕیارەكە كرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان  ئەنجامەكەی پێچەوانە بووە.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارنامەی تایبەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووە، لە دەنگدانی یەكەمدا كە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، 50 دەنگ لەبەرامبەر 48 دەنگ داوای كشانەوە هێزەكان كرا، بەڵام دەنگدانی شەوی چوارشەممە ئەنجامەكەی پێچەوانە كردەوە، 50 دەنگی دژ بەرامبەر بە 47 دەنگ، بڕیار درا كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا رەتبكرێتەوە. دەنگدانی كۆتایی دوای ئەوە هات كە دۆناڵد ترەمپ ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی‌و پێی وابوو ئەنجومەنەكە لە ریزی ئێراندا وەستاوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دەنگدانەكەی رۆژی سێشەممە.

هەردوو ئەندامی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، راند پۆڵ و بیڵ كاسیدی، كە پێشتر دەنگیان دابوو بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ترەمپ لە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران، ئەمجارە دەنگەكانیان گۆڕی؛ بە شێوەیەك پۆڵ لە دەنگدان بێلایەن بوو، كاسیدیش دژی تێپەڕاندنی بڕیارەكە دەنگی دا. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە ئەنجامە نوێیەكانی دەنگدان كرد و ئەمەی بە سەركەوتن وەسفكرد، ئەو لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ترووس سۆشیال نووسی: ئەنجومەنی پیران ئەنجامی دەنگدانی پەیوەست بە ئێرانی گۆڕی لە ( 50بەڵێ بەرامبەر 48 نەخێر) بۆ  (50 نەخێر بەرامبەر 47 بەڵێ).

هەروەها، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی هەردوو سیناتۆری كۆماری، راند پاوڵ و بیل كاسیدی كرد، كە لە دوایین ساتدا هەڵوێستی خۆیان گۆڕی، هاوكات ستایشی جۆن تون و سیناتۆران لیندسی گراهام و بێرنی مۆرێنۆی كرد.

رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێكرد، دواتر لەوەڵامی هێرشەكان تاران بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردە ئامانج، دواتر بە نێوەندگیری پاكستان لە هەشتی نیسان جەنگ راگیرا و ئێستا واشنتۆن و تاران لە گفتووگۆ و دانوستاندان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو