لە هەنگاوێكی نوێدا بۆ ڕێكخستنەوەی داهاتەكان، وەفدێكی باڵای هەرێمی كوردستان دەچێتە بغداد تا كۆنووسی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا پەسەند بكەن، كە پێشبینی دەكرێت داهاتی ناوخۆ بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكان،بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، وەفدەكە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی عیراقدا بكات. بۆ بڕیاردان و دەنگدان لەسەر كۆنووسی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغداد سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
بەهۆی ئەو رێكارانەی حكومەتی فیدراڵ لە سەرەتای ئەمساڵەوە گرتوویەتیەبەر، لەوانە دانانی بازگە لە نێوان پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، داهاتی ناوخۆی هەرێم بە شێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە. هەرچەندە پێشتر حكومەتی هەرێم تێبینی لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی دۆخی دارایی و كەمبوونەوەی داهات، هەرێم خۆی دەیەوێت بە زووترین كات ئەم سیستمە جیهانییە لە دەروازەكاندا جێبەجێ بكرێت تا جووڵەی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە.
جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا تەنیا پەیوەست نییە بە ڕێكخستنی گومرگەوە، بەڵكو بوارەكانی پەیوەندیی نێوان وەزارەتەكان، تۆماری كۆمپانیاكان، مۆڵەتی هاوردەكردن، كۆنتڕۆڵی جۆری و پەرەپێدانی پیشەسازی دەگرێتەوە. ئەم سیستمە وادەكات جووڵەی بازرگانی بگەڕێتەوە بۆ دەروازەكانی هەرێم و بازرگانانیش بتوانن دۆلار بە نرخی رەسمی بانكی ناوەندی دەست بخەن، ئەمەش تێچووی هاوردەكردن كەم دەكاتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە،مانگی ڕابردوو داهاتی نانەوتیی هەرێم نزیكەی 110 ملیار دینار بووە. بەڵام پێشبینی دەكرێت بە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا، لە ماوەی چەند مانگێكی كەمدا داهاتی نانەوتی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز ببێتەوە و بگاتە سەروو 300 ملیار دینار. ئەم بەرزبوونەوەیە وا دەكات هەرێمی كوردستان بەبێ گرفت بتوانێت مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ تەسلیمی بەغداد بكات و كێشەی كورتهێنانی مووچە چارەسەر ببێت.