سەردانەكەی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست جگە لە ئیسرائیل، كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، شرۆڤەكاران پێیان وایە، نەچوونی روبیۆ بۆ ئیسرائیل لە یەكەم گەشتی بۆ ناوچەكە دوای شەڕ لەگەڵ ئێران، دەرخەری هەڵوێستی جیاوازو ناكۆكییە لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب.
گەشتەكەی ڕوبیۆ ژمارەیەك وڵاتی كەنداوی لەخۆگرتبوو و لەكاتێكدا پێشبینی دەكرا سەردانی ئیسرائیلیشی تێدابێت، بەڵام ئەمە رووی نەدا، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی سیاسی لەژێر رۆشنایی دانوستانە بەردەوامەكانی پەیوەست بە ئێران لێكدرایەوە.
بەپێی زانیارییەكان، ناڕازیبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل زیادیكردووە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەكانی لوبنان، كە پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان مەترسی لەسەر سەقامگیری رێككەوتنە پێشبینیكراوەكە دروستدەكات.
كەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دانی سیترینۆڤیتز لێپرسراوی پێشووی دۆسییەی ئێران لە هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئامادەنەبوونی ڕوبیۆ لە ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی گرژییە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكاندا، ئاماژەی بەوەشكردووە ،ئەمریكا وەك لایەنێكی راستەوخۆ لە دانوستانەكاندا سەیری ئیسرائیل ناكات، بە پێچەوانەی دەوڵەتانی كەنداو كە بە بەشێكی سەرەكی ئەم پرۆسەیە دەزانن.
لەبەرامبەردا تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا روونیكردووەتەوە، سەردانەكەی ڕوبیۆ بۆ سوپاسكردنی هاوپەیمانەكانی لە كەنداو بووە بۆ پاڵپشتیكردنیان، ئەمە جگە لەوەی بەشداری لە دەستپێكردنەوەی كارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كوەیت كردووە، تەئكیدی لەوەشكردەوە، رۆبیۆ لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لێپرسراوانی ئیسرائیل و پێشتریش چەند جارێك سەردانی ئیسرائیلی كردووە.