دوو بوومەلەرزەی بەهێز رۆژئاوای كاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیەوە چەندین باڵەخانە رووخان و زیانی گیانیو ماددی زۆری لێكەوتەوە.
دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریكی رایگەیاندووە، یەكەم بوومەلەرزە بەهێزی حەوت پۆینت یەك پلە بە پێوەری رێختەر و نزیكەی 160 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای كاراكاس روویداوە، دوای كەمتر لە دەقیقەیەك بوومەلەرزەیەكی بەهێزتر بە هێزی حەوت پۆینت پێنج پلە روویداوە. ئاژانسەكە هۆشداری داوە لە ئەگەری زیانێكی گیانی زۆر چونكە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان، ژمارەی قوربانییەكان دەتوانێت لە نێوان 10 هەزار بۆ 100 هەزار كەسدا بێت، بەبێ ئەوەی تا ئێستا بە رەسمی ژمارەی قوربانییەكان پشتراست بكرێتەوە.
دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا دووپاتیان كردەوە ،چەندین ماڵو باڵەخانە لە پایتەخت داڕماون. دیۆسدادۆ كابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا رایگەیاند، هەندێك ناوچە زیانێكی بەرچاویان بەركەوتووە، هاوكات لە گرتە ڤیدیۆییەكاندا دەركەوتووە كە تیمەكانی فریاگوزاری لەناو داروپەردوی ماڵو باڵەخانەكاندا كاردەكەن بۆ دەرهێنانی ئەو كەسانەی كەوتونەتە ژێر باڵەخانە رووخاوەكانەوە .
ئەو دوو بوومەلەرزەیە لەكاتێكدا روویانداوە كە زۆرێك لە دانیشتوانی كاراكاس لە ماڵەكانیان بوون، كە هاوكات بووە لەگەڵ جەژنێكی نیشتمانی بۆ یادی سەركەوتنێكی سەربازی ساڵی 1821 كە ڕێگەی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەی لە ئیسپانیا خۆشكرد.
ڤەنزوێلا دەكەوێتە ناوچەیەكی چالاك لە ڕووی بومەلەرزەوە ،ئەمەش وایكردووە كە تووشی بوومەلەرزە بەهێزەكان بێت.