حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات مەرجی ناردنی 120 ملیار دینار لە پرۆسەی دابینكردنی مووچەدا لابدات و، تەنیا پابەند بێت بە تەسلیمكردنی نیوەی داهاتی راستەقینەی ناوخۆ بۆ حكومەتی فیدراڵ.
بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانەش ئەوەیە كە ناردنی بڕی 120 ملیار دینار نەكرێتە مەرج بۆ ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران.
حكومەتی هەرێم داوا دەكات ئەگەر بڕێكی كەمتر لەو پارەیە تەسلیم كرا، حكومەتی فیدراڵ تەواوكارییەكە لە بودجەی مووچە نەبڕێت. هەروەها حكومەتی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە، نیوەی داهاتی نانەوتی تەسلیمی بەغداد بكات، بەڵام بەو مەرجەی بڕەكە بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دیاری بكرێت، نەك بڕێكی جێگیر.
ئەم پێشنیارە دوای ئەوە دێت كە لە مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم 50 ملیار دیناری نارد، بەڵام بەغداد 70 ملیار دیناری لە مووچە بڕی، ئەمەش كێشەی بۆ ئەو توێژانە دروست كرد كە مووچەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەكرێت.
حكومەتی هەرێم تەئكید دەكاتەوە ،داهاتە نانەوتییەكان بەهۆی رێكارە نوێیەكانەوە كەمبوونەتەوە، بۆیە داوا دەكەن بەغداد واقیع بینانە مامەڵە لەگەڵ ژمارەكان بكات. هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە چیتر مووچەی هاووڵاتیان و فەرمانبەران نەبنە قوربانیی جیاوازیی نێوان داهاتی خەمڵێنراو (120 ملیار) و داهاتی راستەقینەی ناوخۆ.
پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی 75 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستەوە هەیە. مووچەی ئەم توێژە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دابین ناكرێت و حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی 45 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەكانیان تەرخان دەكات.
بڕینی هەر بڕە پارەیەك لەلایەن بەغدادەوە بە پاساوی نەناردنی 120 ملیار دینارەكە، مەترسی جدی لەسەر مووچەی ئەم فەرمانبەرانە دروست دەكات.