سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دەداتە كەشتییەكان لە گەرووی هورمز و دەڵێت، هەر رێڕەوێكی نوێی تێپەڕبوون بە گەرووەكەدا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ تاران پەسند ناكرێت و مەترسیداریشە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، تەنها ئەو رێڕەوانەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز رێگەیان پێدراوە كە لەلایەن تارانەوە دەستنیشان كراون. بۆیە كەشتیوانی لە دەرەوەی ئەو رێڕەوانە مەترسیدار و پەسەند نەكراون و هۆشداری دەدەنە هەموو كەشتییەكان كە دووربكەونەوە لە هەر جووڵەیەك لە دەرەوەی رێڕەوە دیاریكراوەكان. سوپای پاسداران تەئكید دەكاتەوە، هەر كەشتییەك پێشێلی رێنمایی و رێكارەكانی پەڕینەوە بكات كە لە گەرووەكەدا دانراون، رووبەڕووی رێكاری توند دەبێتەوە.
هەفتەی رابردوو ئێران و ئەمریكا یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد و گفتووگۆكانیشیان بە نێوەندگیری پاكستان و قەتەر لە سویسرا دەستپێكرد، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا كە دەتوانرێت درێژ بكرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا لەسەر هەندێك بابەت بە جیاوازییەكی بەرچاو ماوەنەتەوە، كە لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و داهاتووی گەرووی هورمزەوە دەستپێدەكات.
یاسا و رێساكانی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە تەئكید لەسەر كردنەوەی دووبارەی گەرووی هورمز دەكەنەوە دوای چەند مانگێك لە داخرانی، كە ببووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵام ئێران ئاماژە بەوە دەكات كە باجی تێپەڕبوون دەسەپێنێت و تەئكیدیش دەكاتەوە كە هاتوچۆی دەریایی لەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕەكە.
ئەم هۆشدارییەی سوپای پاسدارانیش تەئكید لە دەسەڵاتی تاران دەكاتەوە بۆ پاراستنی كۆنتڕۆڵی خۆی بەسەرگەرووی هورمزدا و بەرەنگاربوونەوەی هەر تێپەڕبوونێك كە بەبێ مۆڵەتی ئەوان بێت.
لەلایەكی ترەوە، بەپێی داتاكانی هاتووچۆی دەریایی كۆمپانیای مارین ترافیك، ژمارەی تێپەڕبوونی كەشتییەكان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەیشتووەتە 93 كەشتی، كە سێ هێندەی هەفتەی رابردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی تێپەڕینەكان زۆر كەمترە، چونكە پێش جەنگ رۆژانە زیاتر لە 100 كەشتی بە گەرووەكەدا تێدەپەڕین.