ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دەڵێت، وڵاتەكەی سەپاندنی باجی تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە قبوڵ ناكات.
رۆبیۆ لە كۆبوونەوەیەكی وەزاریی نێوان ئەمریكا و ئەنجومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو كە لە بەحرەین بەڕێوەچوو، تەئكیدی كردەوە گەرووی هورمز رێڕەوێكی نێودەوڵەتییە و هیچ لایەنێك خاوەندارێتی ناكات.
هەروەها هۆشداری دا لەوەی سەپاندنی باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز رەنگە بۆ رێڕەوە ئاوییەكانی تری جیهان بگوازرێتەوە، وتیشی: ئەگەر ئێمە سەپاندنی باج لەسەر بەكارهێنانی رێڕەوێكی ئاویی نێودەوڵەتی قبوڵ بكەین تەنها لەبەرئەوەی لە خاكی دەوڵەتێكەوە نزیكە، ئەوا بابەتەكە وەك "پەتا" بۆ تەواوی جیهان بڵاودەبێتەوە.
ئەم هەڵوێستە لە كاتێكدایە، ئێران ئاماژە بەوە دەكات كە لە گەرووەكە باجی تێپەڕبوون دەسەپێنێت و تەئكیدیش دەكاتەوە كە هاتوچۆی دەریایی لەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگی 28ی شوبات.
هاوكات ماركۆ روبیۆ وتی: ئێمە رێككەوتنێكی دادپەروەرانەمان لەگەڵ ئێران دەوێت كە هەموو لایەنەكان لەسەری كۆك بن، وە كار دەكەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە خزمەت بە گەلی ئێران بكات. لای خۆشیەوە، جاسم ئەلبەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریكاری وڵاتانی كەنداو رایگەیاند، كۆبوونەوە هاوبەشەكە چەندین دۆسیەی تاوتوێ كردووە، كە لە سەرووی هەموویانەوە دۆخی ناوچەكە، رێگاكانی بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری، و هەوڵەكانی هێوركردنەوە و نێوەندگیری.
ڕۆژی 25ی حوزەیرانی 2026، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە دوایین وێستگەی گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو كۆبووە، پێشتریش ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاماژەی بەوەكرد، روبیۆ لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵدەدات هاوپەیمانانی عەرەبی كەنداو بە گرنگی ئەو رێككەوتنە سەرەتاییەی كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئێراندا پێی گەیشتووە، قەناعەت پێبهێنێت.
چونكە ئەوان ترسیان هەیە سازشی زۆر ببێتە هۆی بەهێزبوونی تاران و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوكێشەی ئەمنی و وزە لە ناوچەكە.