ئاستی پیسبوونی رووباری دیجلە لە سنووری پارێزگای بەغداد، گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و، ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی و كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەكی جدییەوە، بۆ رێگریكردن لەم مەترسییە پێویستە ئاوەكە پاكبكرێتەوە، ئەم كارەش پێویستی بە بودجەیە.
عودەی جەندیل، وتەبێژی شارەوانیی بەغداد رایگەیاند، پیسبوونی ئێستای ئاوی ڕووباری دیجلە دەرەنجامی كەڵەكەبوونەكانی ساڵانی ڕابردووە، كە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانو فراوانبوونی شارەكە و زیادەڕۆیی كردنەسەر هێڵەكانو ڕێڕەوی بەشێك لە ئاوەڕۆكان دروستبووە، ئەمەش بووەتە هۆكارێكی سەرەكیی پیسبوونی ئاوەكە.
وتەبێژی شارەوانی بەغداد دەڵێت، ئەوان توانای تەكنیكی و مرۆیی پێویستیان هەیە بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی دیجلە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە تەرخانكردنی بودجە و دارایی گونجاو هەیە.
ئێستاش هەوڵ و كاری هاوبەش لەگەڵ وەزارەتەكانی ژینگە، دامەزراوە تەندروستییەكان و لایەنە حكومییەكان بەردەوامە تا سەرچاوەكانی پیسبوون كەم بكرێنەوە.
وەك هەنگاوێكی كردەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، شارەوانیی بەغداد رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا گەورەترین وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی قورس لە پایتەخت دەكرێتەوە.
ئەم وێستگەیە توانایەكی زۆری هەیە و دەتوانێت رۆژانە 105 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاوی قورس بپاڵێوێت، ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر پاككردنەوەی ژینگەو ئاوی شارەكە دەبێت.