هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا: روسیا 656 درۆن و 73 مووشەكی ئاراستەی وڵاتەكەمان كرد

عیراق 12:48 PM - 2026/06/02

هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا رایدەگەیەنێت، روسیا لەشەودا 656 درۆن و 73 مووشەكی ئاڕاستەی وڵاتەكەی كردووە، ئەمەش كەمێك دوای راگەیاندنی بیستنی دەنگی تەقینەوەی نوێ لە كیێڤی پایتەخت لە بەیانی ئەمڕۆدا.

لێپرسراوانی ئۆكرانیا رایانگەیاند، روسیا هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر شارەكانی كیێڤ، دنیپرۆ و خاركێڤ، بەو هۆیەوە نۆ كەس كوژراون و زیاتر لە 60 كەسی تریش برینداربوون. 

بەپێی شیكارییەك كە لەلایەن ئاژانسی (فرانس پرێس) ئەنجامدراوە، روسیا لەمانگی پێنجی رابردوودا، ژمارەیەكی پێوانەیی درۆنی دوور مەودای ئاڕاستەی ئۆكرانیا كردووە ، شیكارییەكە ئاشكرایكردووە، ژمارەی درۆنەكان زیاترن لەوەی كە روسیا لە مانگی نیسانی رابردوودا ئاڕاستەی ئۆكرانیای كردبوو، كە تێیدا گەیشتبووە نزیكەی هەشت هەزار و 500 درۆن.

بەپێی زانیارییەكانی هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا، روسیا لە مانگی رابردوودا 211 مووشەكی هەڵداوە، كە ئەمەش بەرزترین ژمارەی مانگانەیە، هەروەها روسیا مووشەكی بالیستی (ئۆریشینیك) بۆ سەر كیێڤی پایتەخت بەكارهێناوە كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كیێڤ لە مانگی رابردوودا، رێژەی 90٪ ئەو درۆن و مووشەكانەی  تێكشكاندووە كە ئاڕاستەی كرابوون ،  لەمانگی شوباتی ساڵی 2022 روسیا هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر ئۆكرانیا و تا ئێستاش جەنگ ململانێكان بەردەوامن، بەهۆیەوە دەیان هەزار كەس بوونەتە قوربانی و ملیۆنان كەسیش ئاوارە بوون، لە دەستپێكی جەنگیشەوە روسیا بەشێكی بەرچاوی خاكی ئەو ئۆكرانیای كۆنتڕۆڵكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو