بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابورى دێلفی لەرۆژانی 6 و 7 ى حوزەیرانی 2026 لەهۆڵى فاوندەیشن لەکارگەى کلتورى لەسلێمانی دەبەسترێت.
کۆڕبەندی ئەمساڵ کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق و جیهان کۆدەکاتەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی خاوەن ئابورى بەهێزی جیهان بۆ دیالۆگ لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی پڕ گۆڕانکارى جیۆپۆلیتیکیدا تێپەڕدەبێت.
لەمیانی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی یۆنان و تورکیا و بولگاریا و رۆمانیا و جۆرجیا و پۆڵەندا و ئیتاڵیا و پاریس، گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی و ووزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.
لەکاتێکدا جیهان لەسەرووبەندی دووبارە بوژاندنەوەدایە بەتایبەت لەدواى کێشمەکێشەکانی جیهان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى، پەرۆشی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت لە پشتیوانیی ئەنجامدانی گفتوگۆى بنیاتنەرانە و توندکردنەوەى پەیوەندییە ستراتیژیەکانی نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و داڕشتنەوەى سیاسەتە ئابورییەکان.
لەئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لەدۆخە دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.