هەڤاڵ وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر - CTG سەردانی کەناڵی گەلی کوردستانی کرد .

کوردستان 01:45 PM - 2026/09/22

لەو سەردانەدا کە ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی دژەتیرۆر یاوەرییان دەکرد، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی گەلی کوردستان و ژمارەیەک لە میدیاکارانی کەناڵەکەوە پێشوازیان لێکرا .  

لە دیدارێکدا هەڤاڵ وەهاب هەڵەبجەیی، پێزانینی خۆی بۆ بەڕێوەبەر و میدیاکاران و کادرانی کەناڵی گەلی کوردستان دەربڕی، کە دڵسۆزانە و بەسیاسەتێکی نوێی میدیایی و گۆڕانکاریی تازەوە درێژە بەکارەکانیان دەدەن. وتی: گەلی کوردستان وەک میدیای رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەناڵی دایک هەمیشە مینبەرێکی بەرپرسیار و پیشەیی بووە لە هەموو قۆناغەکاندا بەرامبەر رووداوەکان و وەک میدیایەکی نیشتمانی بۆ هەموو کوردستان کاری کردوە، هەر بۆیە بە کەناڵی پێشمەرگە ناسراوە. ئێمە بە هەمان رۆحیەتی گەشەکردن و پێشکەوتنەوە چاوەڕێی زیاترتان لێدەکەین.

لە دیدارەکە بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی گەلی کوردستان پێزانینی بۆ بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر دەبڕی، کە هەمیشە پشتیوان و هاوکاری گەلی کوردستان بوون، بەتایبەت لە قۆناغە سەختەکانی شەڕی دژی داعشدا کاتێک تیمە رۆژنامەوانیەکانمان شانبەشانی براکانیان لە دژەتیرۆر و هێزی پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگری و پارێزگاری کوردستاندا بوون..

لە کۆتایدا هەڤاڵانی میوان بەشەکانی کەناڵەکەیان بەسەرکردەوە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ خواستن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو