عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كە ئێستا بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەئەمریكایە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، پلانی داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكانی وڵاتەكەی ئاشكراكرد كە كۆتایی حوزەیرانی 2027ە.
وتیشی: بەهۆی ململانێكانی گەرووی هورمزەوە، عیراق نزیكەی 60%ی داهاتی مانگانەی خۆی لە هەناردەكردن لەدەستداوە و كۆی گشتی زیانەكان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە گەیشتووەتە نزیكەی 60 ملیار دۆلار.
لەگەڵم بن ئێستا ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكەتان بۆ روون دەكەمەوە؛ بەپێی وتەی عەلی زەیدی، پلانی داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكانی عیراق، بە ماوەیەك كە 90 رۆژە دەست پێدەكات، تێیدا گرووپەكان لە ئەنجامدانی هەر هێرشێك خۆیان بەدوور دەگرن، لە بەرامبەردا گەرەنتی ئەوەیان پێدەدرێت كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە هێرش نەكرێتە سەریان.
دوای ئەوە پڕۆسەی تەسلیمكردنی چەكەكان دەست پێدەكات و پێویستە تا 30ی حوزەیرانی 2027 كۆتایی پێبێت. روونیشیكردەوە، گرووپەكان هێشتا فشار دەكەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتێك كە تا كۆتایی هەمان ساڵ درێژ بێتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم بابەتە "ئارەزوومەندانە نییە بەڵكو پێویستییە".
بەپێی راپۆرتی نیویۆرك تایمز لێپرسراوێكی باڵای ئەمنیی عیراق هۆشداری داوە لەوەی پلانەكە بەبێ رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتۆن و تاران شكست دەهێنێت و ئەم كارەش دیار نییە كەی دێتەدی. زەیدی وتی، ئامانجی ئەو كۆتاییهێنانە بە بوونی ئەم گرووپانە وەك قەوارەی سەربەخۆ، وتیشی، ئەندامەكانیان "بەشێوەی تاك دەچنە ریزەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و تێیدا یەكدەگرن"، تەئكیدی لەوەشكردەوە، هەر گرووپێك دوای كۆتایی هاتنی وادەكە لەژێر ناوی میلیشیادا كار بكات، بە "لە یاسادەرچوو" دادەنرێت.
لەلایەكی ترەوە، ئەم گرووپانە پێداگری لەسەر مافی خۆیان بۆ هەڵگرتنی چەك دەكەن تا ئەو كاتەی وەك خۆیان دەڵێن "هێزەكانی داگیركەر" مەترسی دروست بكەن، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو جەنگەی كە ئەمریكا و ئیسرائیل لە شوباتی رابردوودا دژی ئێران دەستیان پێكرد.
لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، زەیدی لە چاوپێكەوتنەكەدا ئاشكرای كرد، عیراق كە سێیەم گەورەترین دابینكەری نەوتە لە جیهاندا، بەهۆی ئەو جەنگەی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا لەئارادایە و بووەتە هۆی خنكاندنی جووڵەی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، نزیكەی 60%ی داهاتی مانگانەی خۆی لە هەناردەكردن لەدەستداوە، لە كاتێكدا كۆی گشتی زیانەكان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە گەیشتووەتە نزیكەی 60 ملیار دۆلار.
وتیشی، سەرەڕای ئەوەی عیراق خۆی بە هاوبەشێكی ناوچەیی ئێران دەزانێت، بەڵام تاران ڕێگەی بە هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكانی عیراق نەداوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن و روونیكردەوە، بڕیارەكەی ئێران یەكلاكەرەوەیە. ئامانجی ئەوان بەرزكردنەوەی نرخی نەوتی جیهانییە. بابەتەكە پەیوەندی بەوەوە نییە كە ئێمە چەندە لێیانەوە نزیكین یاخود نا، ئەوان بە هەر حاڵ دەیانەوێت فشار دروست بكەن.